بە داخ و ئەسەفێکی زۆرەوە هەواڵی مەرگی هاوڕێ (جەبار مستەفا)، یەکێک لە کۆمۆنیستە دێرینەکان و ڕابەرانی کۆمۆنیستی کرێکاری و ئەندامی کۆمیتە مەرکەزی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری کوردستان بە توندی ڕای چڵەکاندین. هاوڕێ جەباری خۆڕاگر دوای تەمەنێک لە خەبات و تێکۆشانی کۆمۆنیستی و نەپساوەی لە پێناو ئازادی و یەکسانی و سۆشیالیزمدا، مەخا بن دوای ململانێ و بەرەنگار بوونەوەیەکی سەخت و دلێرانە لەگەڵ نەخۆشی سەرەتان، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری سدنی – ئوسترالیا بۆ هەمیشە دڵە گەورە پڕ ئاواتەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

هاوڕێ جەبار مستەفا وەکو کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ لە مەیدانی پڕ لە کێشە و هەوراز و نشێوی خەباتی چینایەتیدا تا دەهات باوەڕی بە مارکسیزم و تیۆری کۆمۆنیزم و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری مەحکەم تر دەبوو، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو بە کردەوە ئەم باوەڕە قووڵەی خۆی بگەیەنێ بە ڕابەران و هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست و بزووتنەوەی سۆشیالیزم و چینی کرێکار تا لە خەباتی خۆیاندا وەکو چەکێک بەدەستییەوە بگرن بۆ بەرپەرچ دانەوەی بۆرژوازی و لە هەمان کاتدا وەکو ئاڵای ڕزگاری یەکجاری لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی لە ناو دڵ و ویژدانی هەر کرێکارێک و ئینسانێکی شەریف و ئازادەدا هەڵبکرێ. لە سەرەتای لاویی خۆیدا جەبار مستەفا لەم کاروانی خەباتەیدا بە جۆرێکی جەسوورانەی وا کاریگەری دانابوو لەسەر هاوڕێیان و بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی تا دەکەوێتە ژێر چاودێری دەزگا ئەمنی و جاسووسییەکانی ڕژێمی بەعسەوە و دەستگیر دەکرێ. بەرامبەر ئەشکەنجەی وەحشیانەی ڕژێمی بەعس قارەمانانە ڕاوەستا و ناچار بوون بە پێنج ساڵ زیندان حوکمی بدەن. ژیانی ناو سیاچاڵی ناسراو بە ئەبوغرێب بۆ هاوڕێ جەبار مەیدانێکی دیکە بوو بۆ درێژەدان بە خەباتی کۆمۆنیستیی ئەو. لەو چەند ساڵەی زینداندا هاوڕێ جەبار چەندین هەڵقەی کۆمۆنیستیی درووست کرد و پاش هاتنە دەریشی لە زیندان بە هەمان گوڕ و تینی شۆڕشگێڕانە و کۆمۆنیستییەوە درێژەی دا بە خەبات بۆ ڕێکخستنی کرێکاران و لاوانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیست، وە لە ڕێگای کار و چالاکییەکانییەوە زەمینەیەکی باشی بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراق و کوردستان ڕەخساند. هەروەها هاوڕێ جەبار جێگا دەستی دیارە لە وەرگێڕانی ئەدەبیاتی مەنسور حکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ سەر هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی. بۆیە بە مەرگی ناوەختی هاوڕێ جەبار بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و خەبات بۆ ئازادی و سۆشیالیزم لە عێراق و کوردستان یەکێک لە کادرە هەرە بەرجەستە و خۆڕاگرەکانی خۆی لەدەست دا.

ئێمە لەم بۆنە دڵتەزێنەدا خۆمان لە تەنیشت هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کارگەری عێراق و کوردستان و تەواوی هاوڕێیان و خانەوادە و ئاشنا و ئازیزانی هاوڕێ جەباری کۆڵنەدەر دەبینینەوە، وە بە گەرمی هاوخەمی و هاوبەشیی قووڵی خۆمان بۆ لەدەستدانی ئەم هاوڕێ ئازیزەمان بە هەموو لایەک ڕادەگەیەنین. هەروەها بە درێژەدان بە ڕێبازە کۆمۆنیستییەکەی هاوڕێ جەبار ڕێز و ستاییشی خۆمان بۆ خۆڕاگری ئەو دووپات دەکەینەوە.

بەرز و بەڕێز بێ یاد و یادەوەری جەبار مستەفای کۆمۆنیست !
بژی خەبات بۆ ئازادی و سۆشیالیزم !

٣١ دیسەمبەر ٢٠١٨