ڕاگەیاندنی مەکتەبی ناوەندی حزبی حکمەتیست،
خەڵکی ئازادیخواز!
حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی جمهوری ئیسلامی!

ئەم دواییانە پلانی تیرۆریستی بەرنامە بۆ ڕێژراو لەلایەن ڕێکخراوی زەحمەتکێشان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا موهتەدی لە دژی هاوڕێ ڕەحمان حسەین زادە و هاوڕێیانێکی تر لە ڕابەرایەتی حزبی حکمەتیست ئاشکرا بووە. لە بەرواری حەوتی دیسەمبەر ٢٠١٨ ئینسانێکی شەرافەتمەند بە ناوی “شۆڕش خۆراسانە” لە پێشمەرگە پێشووەکانی ڕێکخراوی زەحمەتکێشان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وە لە بەرنامەیەکی لایڤی ناسراو بە سەرپەرشتی “بەختیار بلوری” پەردەی لەسەر ئەم پیلانی تیرۆرە لابرد. بە گوێرەی قسەکانی “شۆڕش خۆراسانە” لە ساڵی ٢٠٠٥دا ئەو کاتەی کە ڕەحمان حسەین زادە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزبی ئێمە و هاوڕێیانێکی دیکە لە ڕابەرایەتی حزبی حکمەتیست بۆ فەعالییەتی سیاسی و حزبیی لە شاری سلێمانی کوردستانی عێراق بوون، پلانی تیرۆر کردنی ئەوان لەلایەن ڕابەرایەتی ڕێکخراوی زەحمەتکێشانەوە دادەڕێژرێ. بەهرام ڕەزایی ئەندامی ڕابەری و فەرماندەی سەربازی ئەوکاتی ڕێکخراوی زەحمەتکێشان مەسئولییەتی جێبەجێ کردنی ئەم پیلان و مەئمورییەتە ئەسپێرێ بە شۆڕش خۆراسانە لەگەڵ پێدانی بەڵێنی دابین کردنی ئیمکانات و تەجهیزات و نەفەری پێویست بۆ ئەنجامدانی. کاتێ کە شۆڕش خۆراسانە دەزانێ کە ئەم هەنگاوە تیرۆریستییە لە دژی هێزێکی دژی جمهوری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنە، بە هەست کردن بە مەسئولییەت مل نادا بە جێبەجێ کردنی پلانەکە. چەند ڕۆژ دواتر ڕەزا کەعبی ئەندامێکی دیکەی ڕابەری ئەوسای ڕێکخراوی زەحمەتکێشان لە کۆبوونەوەیەکا بە ئامادە بوونی سەباح ئەمینی (ماموخ) ئەندامێکی تری ناوەندی ڕێکخراوی زەحمەتکێشان، شۆڕش خۆراسانە دەخەنە بەردەم لێپرسینەوە و پرسیار و جوابەوە کە بۆچی دەستووری بەهرام ڕەزایی جێبەجێ نەکردووە، کە بڕیاری مەکتەبی سیاسی ڕێکخراوی زەحمەتکێشانیش بووە؟. ئەم جارەش دیسان لەگەڵ دژایەتی ئوسوڵیی شۆڕش خۆراسانە ڕووبەڕوو دەبێتەوە بۆ ئەنجام نەدانی ئەم پلانی تیرۆرە ڕەشە و بەم شێوەیە جێبەجێ بوونی ئەم هەنگاوە تیرۆرسیتییە بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە. (قسەکانی شۆڕش خۆراسانە بە زمانی کوردییە و دەقی نووسراوی کوردی و تەرجومەی فارسییەکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەستە).

هەر لێرەدا دەبێ دووپاتی بکەینەوە، ئەم هەست بە مەسئولییەت کردنەی شۆڕش خۆراسانە، بۆ لە ئەستۆ نەرگرتنی ئەم هەنگاوە تیرۆرسیتییە پێشنیاز کراوە، کە جێگای تەقدیری زۆرە و ئێستاش بوێری ئەو لە ئاشکرا کردنی ئەم هەنگاوە دژە ئینسانییەی ڕابەرایەتی ڕێکخراوی زەحمەتکێشان، جێگای خۆشحاڵی ئێمە و هەر حزب و ڕەوتێکی بە پڕەنسیپ و مدافعی فەزای سالمی سیاسییە لە بەینی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانا. بێگومان ئەم کارەی ئەو لەگەل پشتیوانی و دەستخۆشانەی ئێمە و هەر هێزێکی سالم و ڕادیکاڵ و چەپ و پێشکەوتوو بەرەوڕوو دەبێ لە فەزای سیاسیدا، وە بە دڵنیایی بەرامبەر بە ئەگەری هەر گوشارێکی ڕەوتی کۆنەپەرست و دواکەوتووی ڕێکخراوی زەحمەتکێشان لە دژی شۆڕش خۆراسانە، بە گەرمی پشتیوانیی لەو دەکەین.

داڕشتنی هەوڵی تیرۆریستیانە لەلایەن ئەم ڕێکخراوە دەست کەشفە چاوەڕووان نەکراو نییە. ناوکۆکەی درووست بوونی ئەم ڕەوتە لە ساڵی ٢٠٠٠ بە پیلانگێڕی و کودەتای تەشکیلاتی و بەبارمتە گرتنی سیاسی و دارایی بە دژی کۆنگرەی نۆهەمی شەرعیی و قانوونی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) پێکهات. هەر ئەوکات ڕامانگەیاند، ئەم ڕەوتە ڕەوتێکی سیاسی سالم و پابەند و بە پرەنسیپ نییە، بەڵکو باندێکی سیناریۆی ڕەشە کە ڕەوش و پێگەی دەستبردنی بۆ هەر هەنگاوێکی دژە ئینسانیی لە خۆیدا هەڵگرتووە. هەر بەم دەلیلانەیە کە لە قۆناغەکانی دواترا پلانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆردووگای کۆمەڵە

بە مەبەستی سەرکوت و تۆقاندنی دانیشتووانی ئەوێی خستبووە دەستووری خۆیەوە و هەڵبەت ناکام مایەوە. لە هەنگاوێکی زەبوونانەی دیکەدا لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٥ پلانی تیرۆری هاوڕێیان ساڵح سەرداری و محەمەد ڕاستی لە ئەندامانی ناوەندی حزبی حکمەتیستیان خستبووە بەرنامەوە لە هەمان شاری سلێمانی، کە بە هۆشیاری و موبادەرەی هاوڕێیانی ئێمە و پشتیوانی بێدریغی ژمارەیەکی زۆر لە ئینسانی هەقخواز و ئازادیخوازی شاری سلێمانی پلانی زەبوونانەی ئەوان پووچەڵ کرایەوە، کە ئەو کاتە بە هۆی هەندێ باری ئەمنییەوە نەمانتووانی ئەم ڕووداوە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنین. عەبدوڵڵا موهتەدی و سەرانی باندی زەحمەتکێشان باش دەزانن، حزبی حکمەتیست و کادرەکانی ڕابەرایەتی ئەو تەنانەت لە هەمان کوردستانی عێراق لە ئاستێکی وا لە ئیمکانات و تەجهیزات، وە لە موبادەرەی عەمەلی و پشتیوانی هێزی چەپ و ئینسانی ئازادیخواز بەهرەمەندن، کە زۆرێک لە هەنگاوە شوومەکانی ئەوان بەرامبەر بە ڕەوت و حزبی ئێمە پووچەڵ کراونەتەوە و لە حاڵەتی دووبارە بوونەوەشیانا دیسان ناکام دەبنەوە. باشترە لە ناکامییەکانی تائێستایان وانە فێر ببن.

سیاسەتە ڕاستڕەوی و سیناریۆ ڕەشەکانی ئەم ڕەوتە، کۆششی بەردەوامی ئەم ڕەوتە بۆ مەرایی کردن لە بەردەم کۆنەپەرستترین هێزەکانی ناوچەکەدا، هەوڵی نەبڕاوەیان بۆ قبووڵ کردنیان لە بارەگای دەوڵەتی ڕاستڕەوی ئەمریکا و ئارەزووی قووڵی موهتەدی بۆ گەییشتن بە دەست ماچکردنی وەزیری دەرەوەی ترەمپی ڕاسیست، لە تەنیشت ئاشکرا بوونی پلانی تیرۆری موخالیفانی سیاسی و بە تایبەتی کۆمۆنیستەکان لەلایەن ئەم باندەوە، تا ڕادەیەکی زور گەواهی ئەمە ئەدەن، کە ئەم فیرقە قەومپەرستە ناسالم و بێ پرەنسیپ و سیناریۆ ڕەشە سەرەتا دەبێ لە ناو خەڵک و لە ئاستی کۆمەڵدا ڕیسوا و تەریک بکرێتەوە. ئێمە ئەو ئەفراد و ئینسانە زەحمەتکێشانە کە لە ڕووی ناشارەزایی پێویستەوە بەرامبەر سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی ئەم ڕەوتە پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئەوانەوە، بانگەواز دەکەین بە درووست وەکو شۆڕش خۆراسانە و زۆرێکی دیکەش بڕیاری مەسئولانە وەربگرن و ڕیزەکانی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستە بەجێ بهێڵن.

لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕووانی ئێمە لە ئەحزاب و ڕێکخراوەکان و شەخسییەتە سیاسییەکانی پابەند بە فەزای سالمی سیاسی لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا ئەمەیە، بە جیا لە دووری و نزیکیی سیاسیی ئەوان لەگەڵ سیاسەتەکانی حزبی حکمەتیست پلانی تیرۆریستی ئاشکرا بووی ئەم دواییەی ئەم ڕەوتە شەرمەزار و مەحکوم بکەن. ڕێگا نەدەن ئەم ڕەوتە ناسالمە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیاندا ئامادە ببن.

مەکتەبی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حکمەتیست
٧ دەی ١٣٩٧ ٢٨ دیسەمەبەر ٢٠١٨