ڕاپەڕینی دلێرانەی جەماوەری دەستەی فەرمانڕەوای عێراقی شۆک کرد

بۆ پێشەوە بەرەو پێکهێنانی شووراکان و دەسەڵاتی بەدیل !

ئەم هەفتەیەی کە ڕابوورد مرۆڤایەتی ئازادیخواز چاوی بڕیبووە شەپۆلی ناڕەزاییەکی فراوان کە ئاپۆڕەی نەوەی گەنجان لە پێشەوەی بێ بەشانی تووڕە و بەگیان هاتووی کۆمەڵگە، لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بەرپایان کرد. ڕاپەڕینێکی دلێرانەی وا کە لە بەرامبەر کوشتاری دڕندانەی ڕژێمدا پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو سەرتاپای دەستەی فەرمانڕەوای ئیسلامی قەومیی شۆک کرد و پاشەکشەی پێکرد.

وەزارەتی تەندرووستی عێراق دانی بەوەدا ناوە کە ١٦٥ تا ١٨٠ کوژراو و زیاد لە شەش هەزار بریندار هەیە. ئەم دڕندەییە داعش ئاسایەی حەشدی شەعبی و هێزە سەرکوتگەرەکانی دیکە ئامرازی سەرەکیی بەرەوڕوو بوونەوەی ڕژێمە لەگەڵ ڕاپەڕینی جەماوەرێکدا کە هاتووەتە مەیدان، وە هیستریایەک پیشان ئەدات کە سەرتاپای دەستەی فەرمانڕەوای عێراقی شۆک کردووە. بەڵام کاتێک کە قەتڵی عامی هەزاران کەسیی نەیتوانی بەرهەڵستکارانی دژ بە هەژاری و بێکاری و ڕژێمی حاکم لە مەیدان بکاتە دەرەوە، سەرتاپای ڕژێم ناچار بوو بۆ کپکردنەوەی ڕاپەڕین ئامرازێکی دیکە بەکاربهێنێت. عادل عبدالمهدی ڕۆژەکانی یەکەم سەری بادابوو و وتبووی وەڵام بە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ئیمکانی نییە و پێویستی بە “موعجیزە” هەیە! لەگەڵ پەرەسەندنی بوێرانەی ناڕەزاییەکاندا، بە پەشۆکاوی پاشەکشەی کرد و وەڵامی ڕژێمی لە پاکێجێکی حەڤدە خاڵیدا پێشکەش کرد، کە پارلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێ شەممە هەشتی ئۆکتۆبەر بە یەک جار پەسەندی کرد. کاردانەوەی جەماوەری ڕاپەڕیو بەرامبەر بە کوشتاری وەحشیانە و پاکێجی پاشەکشەی حکومەت ڕۆژەکانی داهاتوو پیشانی ئەدات. تا ئێرە ڕوون و ئاشکرایە کە ناڕەزایی هەفتەی ڕابوردوو وەک درێژەی ناڕەزاییەکانی ساڵی پار کڵپەیەک نییە کە ڕژێمی تێکشکاو و سەرتاپا وەحشی و فەسادی حاکم بەسەر عێراقەوە بتوانێت خامۆشی بکاتەوە. عوسیانی گەورە و ڕەوای بێبەشانی قووڵایی کۆمەڵگەی عێراق چیتر ئاگری ژێر خۆڵەمێش نییە بەڵکو کڵپەی ئاگرێکە یەک بە دوای یەکدا بەرزدەبێتەوە و هەروەک چۆن لە درووشمە پڕ تووڕەییەکانی جەماوەری ناڕازیدا بە ڕوونی دیارە تا ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی قەومی حاکم بەسەر عێراقەوە بەردەوام دەبێت.

ڕاپەڕینی ناڕەزایی هەفتەی ڕابوردوو کێشمەکێشەکانی ناوخۆی دەستەی فەرمانرەوای عێراقی زیاتر ئاشکرا کرد : یەکەم ترسی بێ کۆتایی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و دارودەستەی ناسراو بە حەشدی شەعبی سەر بەو ڕژێمە لە داڕمانی دەسەڵات و نفوزی خۆی، دووهەم هەوڵی ڕەوتەکانی ناسیۆنالیزمی قەومی عێراقی عەرەبی بۆ ئیستیغلالی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ڕاستای پاشەکشە پێکردنی دەسەڵات و نفوزی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و جێگرتنەوەی ڕژێمی ئێستای عێراق بە ڕژێمێکی بۆرجوایی دیکە پەیوەست بە دەوڵەتە عەرەبییەکانی ناوچەکە و سێهەم پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردی شەریک تیایدا لە سەرکوتی بێپەردە و وەحشیانەی دەوڵەتی بەغدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی بەشی زیاتر لە دەسەڵاتی لۆکاڵی لە ناوچە کوردنشینەکان و لە سەروەت و سامانی بێهەژماری وڵاتی عێراق.

بێگومان هێرشی سەربازی ٢٠٠٣ی دەوڵەتانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر عێراق و لەکارخستنی حکومەتی بەعس بە جۆرێک ڕێگای خۆشکرد بۆ نفوزی فراوانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران کە سەرانی تاوانباری ئەو ڕژێمە لە وەحشیترین خەوەکانیشیاندا نەیاندەبینی. ئەم بارودۆخە بە درێژایی شازدە ساڵی ڕابوردوو بە ڕادەیەک کێشمەکێشەکانی ناو ڕیزەکانی دەستەی فەرمانڕەوای عێراقی تووند کردەوە کە سەرهەڵدانی تەوەحوشی ئیسلامیی داعش تەنیا یەکێک بوو لە مەیدانە خوێناوییەکانی ئەو. بەڵام ناڕەزاییەکانی جەماوەری بەگیان هاتوو لە دژی هەژاری و بێکاری و بێ ئیمکاناتی و فەسادی هەمەلایەنە، تەواوی هاوکێشەکان و باڵانسی هێزی پێشووی بە زیانی هەردوو لای ئەم کێشمەکێشەی ناوخۆی دەستەی فەرمانڕەوای عێراق گۆڕیوە. ناڕەزاییەکانی هەفتەی ڕابوردوو لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی یەکساڵی پێشوودا، خاڵێکی وەرچەرخان و دابڕانێکی ئاشکرای پێشهێناوە لە ئەوزاعی سیاسیی عێراقدا. مەسەلەی بڕاوە ئەمەیە کە ئەم ناڕەزاییە جەماوەری و دلێرانەیەی تا ئێستا بینیومانە پەیامی کۆتایی هێنان بە دەسەڵات و نفوزی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاندووە. ئەمەی کە بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی عێراقی بە هەردوو بەشی سەر بە “سوننە” و “شیعە”وە نەتوانن لە هاتنە مەیدانی ناڕەزایی ملیۆنیی جەماوەری تینووی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بە قازانجی ئامانجە کۆنەپەرستانەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی عێراقدا کەڵک وەربگرن، بە تەواوی لە گرەوی هۆشیاری و دەخالەتگەریی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و یەکسانی خوازیدایە لە ڕیزی ڕابەرایەتی ناڕەزاییەکانی ئێستادا. بۆ دابین کردنی ئەم ڕابەرایەتییە کۆمەڵێک ئەرکی دەسبەجێ لە بەردەم کۆمۆنیستەکان، چینی کارگەر و لاوانی شۆڕشگێردایە؛

پێکهێنانی یەک دەسەڵاتی بەدیل لە جەرگەی ئەم ناڕەزاییانەدا کە خواستەکان و مەیلی ئەم بزووتنەوە فراوانە جەماوەرییە بگرێتەبەر حەیاتییە. درووستکردنی دەزگای ڕابەرایەتیی تۆکمە و پایەدار و کۆمیتە شۆڕشگێڕەکان لە هەر شار و ناوچەیەک لە ئاستی سەرانسەریدا یەکەمین هەنگاوی پێویست و فەورییە. ڕێکخستن و ئامادەسازیی زیاتری جەماوەری ژێر ستەم و یاخی و بەهێز و تواناکردنی زیاتری ناڕەزاییەکان و چۆنیەتی و شێوەی ڕابەرایەتی سیاسی ئەرکی دەسبەجێی ئەم دەزگا شۆڕشگێڕانەیە.

پشتیوانیی چینی کارگەری عێراق و ناوەندە گرنگە پیشەسازییەکان گەرەنتی پێشڕەوی و سەرکەوتنی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان دەکات. ڕێکخستن و ئەنجامدانی مانگرتن بۆ پاڵپشتی کردن لە بزووتنەوەی جەماوەریی سەرنگوونی خواز، درووست کردنی دەسبەجێی شوورا کارگەرییەکان و بەدەستەوە گرتنی کۆنترۆڵی ناوەندە پیشەسازییەکان لە پێویستییەکانی هەلومەرجی ئێستایە و لەدەست گرتنی موبادەرەی سیاسییە لەلایەن چینی کارگەرەوە.

لە ئاستی ئەو گەڕەک و ناوچە و شارانەی کە لەلایەن ناڕەزایی جەماوەرییەوە ئازاد دەکرێن، دەبێ دەسبەجێ دەسەڵاتی جێبەجێ کاری جەماوەری جێگیر بکرێت. لە هەموو جێگایەک دەبێ شوورای گەڕەکەکان پێکبهێنرێن و دەسەڵاتی جێبەجێکاری جەماوەری بەڕێوەببرێت. ئەزموونەکانی بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ناسراو بە “بەهاری عەرەبی” پیشانی ئەدات کە بزووتنەوەی ناڕەزایی ئەگەر نەتوانێت بە ڕێگەچارە و داهێنانی شۆڕشگێڕانە پێشڕەوی و سەرکەوتنی سەنگەر بە سەنگەر گەرەنتی بکرێت، تەنانەت دوای ڕووخانی دەوڵەتی کۆنەپەرستی قەومی مەزهەبی، پێکهاتەیەکی دیکە لە بنیاتنەرانی کوێرەوەرییەکانی ئێستای خەڵکی کارگەر و زەحمەتکێشی عێراق بەرهەمی ئەم ناڕەزاییانە دەچنێتەوە.

خەڵکی کارگەر و زەحمەتکێش و لاوانی شۆڕشگێڕ لە عێراق لە دژی ئەم هەلومەجە ڕاپەڕیون و مافی خۆیانە کە لەناوبردنی هەلومەرجی ئێستا لە ڕێگەی دەسەڵات لە خوارەوە، دەسەڵاتی بەدیل، وە لە قۆناغی ئێستادا تەنانەت بە شێوەی دیفاکتۆ، جێبگرنەوە. ئەم ئەرکانە لە ڕێڕەوی پێکهێنانی ڕێکخراو و پێکهاتەی دەسەڵاتداری نوێدا، یانی بزووتنەوەی شوورایی لە توانادایە، بۆ پشەوە بەرەو پێکهێنانی شووراکان!

حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حکمەتیست وەک حزبێکی ئەنتەرناسیۆنالیست و بە لەبەر چاوگرتنی هاوچارەنووسیی خەبات لە دژی ئیسلامی سیاسی و سیستەمی سەرمایەداری لە هەردوو کۆمەڵگەی عێراق و ئێراندا، بە هەموو تواناوە پشتیوانی لە ناڕەزایی بوێرانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی عێراق دەکات، وە لە ڕاستای بە سەرکەوتن گەیاندنیدا هەرچیی لە توانادا بێت درێغی ناکات.

حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حکمەتیست هێرشی وەحشیانە بۆ سەر خۆپیشاندەران و قەتڵی عامی ئەوان بە تووندی ئیدانە دەکات. بکوژانی ڕۆڵەکانی خەڵک دەبێت دادگایی بکرێن و سزای تووند بدرێن. حزبی حکمەتیست هاوشان لەگەڵ خەڵکی ناڕازی و زەحمەتکێشی عێراقدا خوازیاری ئازادی فەوری هەزاران دەستگیرکراوی ڕووداوەکانی ئەم دواییەیە و هاوپشتی و هاودەردیی خۆیشی لەگەڵ خانەوادەی گیانبەخت کردووان و بریندارەکان ڕادەگەیەنێت.

حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حکمەتیست ڕایدەگەیەنێت ڕۆڵبینین و دەخالەتگەری فراوانی کۆمۆنیستەکان و ڕابەرانی کارگەری و شۆڕشگێڕان لە هەلومەرجی ئێستادا بە یەکلاکەرەوە دەزانێت، وە لە خەباتی ئێستا بۆ ڕووخانی ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی قەومی دەسەڵاتدار و جێگرتنەوەی بە سیستەمێکی سۆشیالیستی و دەسەڵاتداریەتی شوورایی هەوڵەکانی خۆی دەخاتە کار.

سەرکەوێ ڕاپەڕینی ئازادیخوازانەی جەماوەری لە عێراق!
بڕووخێ ڕژێمی ئیسلامی قەومی حاکم بەسەر عێراقدا!
بژی ئازدی، یەکسانی حکومەتی کارگەری!

حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حکمەتیست
٨ ئۆکتۆبەر ٢٠١٩