خەڵکی تینووی ئازادی !
بە بۆنەی سەرکەوتنی گەورەی مانگرتنی گشتی ٢١ شەهریوەر لە شارەکانی کوردستان پیرۆزباییتان لێ دەکەم. ئەم نماییشە فراوان و شکۆدارەی ئێوە وەڵامێکی مەحکەم بوو بە تاوانکارییەکانی ئەم دواییەی جمهوری ئیسلامی و دیارییەکی شاییستەش بوو بۆ دایکان، باوکان و کەس و کاری دڵ برینداری زانیار و لوقمان مرادی و ڕامین حسەین پەناهی و هەموو ئەو ئینسانانەی کە لە هێرشی مووشەکی جمهوری ئیسلامی بۆ سەر بارەگا سەربازییەکانی هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستاندا گیانیان لەدەست دا. هەروەها لە سەر و بەندی سی هەمین ساڵوەگەڕی کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیان بە فەرمانی خومەینی، جەللادی ئەسڵیی جمهوری ئیسلامی، سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە ئارام بەخشە بۆ تەواوی کەس و کاری دڵ برینداری ئەوان و سەرجەم دڵسووتاوانی دەستی جمهوری تاوانکاری ئیسلامی لەم چوار دەهەیەدا.
وە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ڕێکخەران و هەڵسووڕاوانی ناوخۆی کوردستان دەکەم، کە لە ژێر گوشار و هەڕەشەی جمهوری ئیسلامیدا، بوێرانە دەست بەکار بوون و ئەم نماییشەیان بە کردەوە دەرهێنا، پیرۆزبایی لە دانە دانەی هاوڵاتیان لە چین و توێژە جیاجیاکان دەکەم کە بەشدارییان کرد لەم مانگرتنەدا، هەروەها پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەکەم کە دەست پێشکەرییان کرد و بانگەوازی خەڵکی کوردستانیان کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم مانگرتنە.
نزیک بە چل ساڵ پێش ئێستا لە ڕیفراندۆمی “بەڵێ یاخود نا بۆ جمهوری ئیسلامی” خەڵکی کوردستان بە پێشڕەوی و ڕێنوێنی کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان، یەکگرتووانە و یەکپارچە ووتیان “نــا” بۆ ڕژێمی ئیسلامی. بزووتنەوەی جەماوەری بۆ نەویستنی جمهوری ئیسلامی لەو کاتەوە بناغەکەی دانراوە و ئەمڕۆ لە ڕیفراندۆمێکی دیکەدا ئەم نەخێر و نەویستنە بەرجەستەتر و تۆکمەتر دووپات کرایەوە.
ئەم مانگرتنە سەرکەوت، چونکە لە هەنگاوی یەکەمدا، ئامانجی دەستبەجێی جمهوری ئیسلامی واتە سەپاندنی پاشەکشە بەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایی جەماوەری و بەرفراوان بوونەوەی ڕۆژ بە ڕۆژی ئەو لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ناکام کردەوە. جمهوری ئیسلامی نەک تەنیا بۆ چاوترسێن کردن، بەڵکو لە بەرامبەر بە هێرشی ڕادیکاڵی جەماوەریدا بە دژی مەوجودییەتی خۆی، کە لە مانگی (دەی – دیسەمبەر، ژانویه) ٩٦ – ٢٠١٧ لە زیاد لە سەد شاری گەورەی ئێراندا هاتە مەیدان، وە لە مانگەکانی ڕابوردوودا بەردەوامی وەرگرت و لە دوو هەفتە پێشتردا بۆ ڕێزگرتن لە گیان بەخت کردووانی چوار هەڵسووڕاوی ژینگەپارێز لە شاری مەریوان و سنە بە ئاڵای سوورەوە ڕادیکاڵترین ئامانج و داخوازییان هێنایە مەیدان، پێویستی بە بەربەستێکی دیفاعی بوو. بە خەیاڵی خاوی خۆی پێوستی بەوە بوو، هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی خۆی بگێڕێتەوە. لەم پێناوەدا دەستی دایە ئەنجامدانی تاوانی ئیعدام کردنی زانیار و لوقمان مردای و ڕامین حسەین پەناهی و هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستان. جمهوری ئیسلامی حسابات و لێکدانەوەکانی هەڵە و کوێرانە بوون. مانگرتنی سەرتاسەری، یەکگرتووانە و یەکپارچەی خەڵکی کوردستان و پەرەگرتنی بۆ شارەکانی دەرەوەی کوردستانیش، هەنگاوێکی گەورەی دیکە هاوسەنگی هێزی لە بەرژەوەندی ڕیزی خەباتی ئازادیخوازانە و بزووتنەوەی سەرنگوم کردنی ڕژێم لە شارەکانی کوردستان و لە سەراسەری ئێرانیشدا گۆڕی. بە ڕوونی ئاشکرا و دیارە، بزووتنەوەی ناڕەزایی جەماوەری لە ڕێڕەوی هێرشی زیاتر بۆ سەر بنچینەکانی جمهوری ئیسلامی و ڕژێمی جەهل و خورافە و سەرکوت لە مەوقعییەتێکی دیفاعی زیاتردا گیرساوەتەوە. دەورەی ڕاپەڕینی لێبڕاوانەتر بۆ وەشاندنی گورزی کۆتایی لە جمهوری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە حوکمڕانی ڕەشی جمهوری ئیسلامی نزیک بۆتەوە. دوای مانگرتنی سەرکەوتووانەی شارەکانی کوردستان، بزووتنەوەی سەرنگوم کردنی جمهوری ئیسلامی، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکانی دیکە لە ئێران و کوردستان، لە پێناو جێبەجێ کردنی ئامانجە ڕەواکانی خۆیاندا بۆ دیاری کردنی چارەنووسی کۆتایی لەگەڵ نەزمی سەرمایە و جمهوری ئیسلامیدا، بە باوەڕ بەخۆ بوونێکی زیاترەوە هەنگاوی تۆکمەتر دەهاوێ. ئەم دەسکەوتە گرنگەی مانگرتنی گشتیی لە کوردستان دەبێ ڕێز لێ بگرین.

بۆ پێشەوە بەرەو وەشاندنی گورزی کۆتایی لە جمهوری ئیسلامی و سەرنگوم کردنی ئەو
درود بۆ ڕێکخەران، بەشدار بووان و دەست پێشکەرانی مانگرتنی گەورەی شارەکانی کوردستان
بڕوخێ جمهوری ئیسلامی
بژی ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری