ڕاگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حکمەتیست

لە دژی جەنگی وەحشیانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە کوردستانی سووریا!

ئازادیخوازانی جیهان دەبێ لە دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕابوەستن !

دەوڵەتی فاشیست و دەسدرێژکاری تورکیا دوای چەند مانگێک لە هەڕەشە و دیپلۆماسی و ڕێکەوتنی پشتی پەردە و ئامادەکاری سەربازی، ڕۆژی نۆهەمی ئۆکتۆبەر دواجار هێرشێکی تاوانکارانەی لە زەمین و ئاسمانەوە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستانی سووریا دەستپێکرد بە بیانووی بەرقەرار کردنی “ئەمنییەت” لە سنوورەکانی خۆیدا. ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ستەمدیدە و ئازادیخوازی کوردستانی سووریایان ناو لێ ناوە “سەرچاوەی ئاشتی”. ئەگەر لە یەک ساڵ و نیوی پێشوودا بە ڕێکەوتن و ساتوسەودای دەوڵەتی ڕووسیا و چاوپۆشیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستدرێژی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەڕێوەچوو، وە لە جەنگێکی نایەکساندا هەزاران ئینسان ئاوارە بوون و گیانی خۆیان لەدەست دا، ئەم جارە بە ڕێکەوتنێکی ژێربەژێر و تا ڕادەیەکیش بە ئاشکرا لەگەڵ دەوڵەتی ئیمپریالسیتی ئەمریکا “دۆستی ناسیۆنالیزمی کورد” و چاوپۆشی کردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەئییدی ڕاشکاو و زمنیی زۆرێک لە دەوڵەتە کاپیتاڵیستییەکان، ئینسانکوژی و تاوانێکی گەلێک وەحشیانەتر لە عەفرین لە کانتۆنەکانی دیکەی کوردستانی سووریادا لە حاڵی ئەنجامداندایە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوەکان و دەوڵەتی ئەمریکا و تەواوی دەوڵەتانی بۆرجوا کۆنەپەرست دەستدرێژی دەوڵەتی فاشیستی تورکیایان بۆ سەر خەڵکی ئازادیخوازی عەفرین لە یەک ساڵ و نیوی ڕابوردوودا بینی. جەنگێکی نایەکسان و دەستدرێژکارانەیان بینی. مەیدانەکانی کاولکاری و ئاوارەیی خەڵکی ژێر سایەی جەنگ و شمشێر ڕاوەشانی داعشییە تاوانکارەکانیان لە عەفرین بینی، یان پاڵپشت و تەئییدکەر یان چاوپۆشی کەر بوون. ئەمەیە ماهییەتی نیزامە دیموکراسییەکان و ئیدیعاکانی مافی مرۆڤی حاکمانی سەرتاپا کۆنەپەرستی ئەمڕۆی جیهان! شەرمەزار بن. ئەم جارەش چاوپۆشیان کردووە و دەیکەن هەتا سووڕێکی دیکە لە ئینسانکوژی لە مەودای هێجگار فراواندا بەڕێوەبچێت. ئەم جارە ڕای گشتی و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان و ناوچەکە و کوردستانی سووریا شایەدی سات و سەودا و مامەڵەی دەوڵەتانی ئەمریکا و تورکیای دەستدرێژکار و چاوپۆشیی ئەوانی دیکەن بەسەر خەڵکێکدا کە لە سیناریۆی جەنگی وێرانکەر لە سووریا لە حەوت ساڵی ڕابوردوودا بە ئیرادەی خۆیان لانیکەمی ئارامی و ئازادی و پێکەوەژیانی ئینسانیان فەراهەم کردووە، وە لە پێناو بەرگری لە ئازادی و حورمەتی ئینسانی لە بەرامبەر دەستدرێژیی دڕندەکانی سەدە “داعشییەکان” قارەمانییەتیان بەرپاکرد و هەزاران ئینسان گیانی خۆیان لەدەست دا.

دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆگان کە بە قەیرانە ئیقتسادی و سیاسیەکانی و بە پێگەی لەرزۆک بووی لە ناوخۆی دەستەی فەرمانڕەوای بۆرجوا کۆنەپەرستی تورکیادا بەرەوڕووی ناڕەزایی زیاتری جەماوەری خەڵک بووەتەوە لە ناوخۆ، دەیەوێ بە هێرشی دەستدرێژی کارانەی بۆ سەر خەڵکی کوردستانی سووریا، بە بەرپاکردنی جەنگ و کوشتار و وێرانکاری و ئاوارەیی خەڵکی ئەم ناوچەیە ئەم گرفتانەی داپۆشێت و باشتر لە ڕابوردوو بزووتنەوە ناڕەزاییەکان لە ناوخۆی تورکیادا سەرکوت بکات. سەرباری ئەوەش بڕیارە دوژمنایەتی و هێرشی سەربازی بۆ سەر کانتۆنەکانی کوردستانی سووریا و جێبەجێ کردنی تەرحی دژە خەڵکی “ناوچەی ئارام” لەسەر کەناری سنوور و لە داخلی خاکی کوردستانی سووریا، ئامرازێک بێت بۆ بردنی بەشی زیاتری پلانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە شکڵدان بە ئاییندەی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی سووریا و لەم کەناڵەوە لە هاوکێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سوود ببات، کە خەرجی ئەم ئامانجە شوومانە دەبێ خەڵکی کوردستانی سووریا بیدەن.

سیناریۆی جەنگی پێشوو لە عەفرین و پیلانگێڕی و دەستدرێژی سەربازیی وەحشیانەی ئێستای دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر کانتۆنەکانی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سووریا جارێکی دیکە پیشانی دا پشتبەستن بە هێز و دەوڵەتە بۆرجواییەکان، بە دەوڵەتانی دیموکراسی و مودەعی مافی مرۆڤ و لە سەرووی هەموویانەوە دەوڵەتی تاوانکاری ئەمریکا لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێت، لە چاندنی تۆوی خۆشباوەڕی و هەنگاوی دژە خەڵکی زیاتر نییە، کە ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد ئاسۆ و ستراتیجی و ئومێدی خۆیان لەسەر ئەو دامەزراندووە. مامەڵە و سات و سەودای دەوڵەتی ترامپ و دەوڵەتی تورکیا، پاشەکشەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا و بە دوای شەڕی هەوسار پچڕاوی حکومەتی ئەردۆگاندا جارێکی دیکە ئەم حەقیقەتە سادەیە جەخت دەکاتەوە کە ئێمە کۆمۆنیستەکان تەئییدی دەکەین، یانی ئومێد هەڵچنین بە هێزە کۆنەپەرستەکانی جیهان و دەوڵەتانی فاسیدی هاوپەیمانی ئەوان لە ناوچەکە شتێک نییە بێجگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵکی تینووی ئازادی و خۆشگوزەرانی.

خەڵک و هێزە چەکدارە خاوەن ئیرادەکانی کوردستانی سووریا کە ئەزموونی ڕاوەستاویی مقاوەمەتی پرشنگداری کۆبانی و شکست پێ هێنانی تیرۆریزمی دڕندەی داعشی و مقاوەمەتی عەفرین و سەدان نەبەردی حەماسیی دیکەیان لە کارنامەی خۆیاندا هەیە، بێگومان لە بەرامبەر لەشکرکێشی و دەستدرێژی سەربازی دەوڵەتی تورکیادا دیفاع لە دەستکەوتەکانی تا ئێستای خۆیان دەکەن. کوردستانی سووریا بە درێژایی حەوت ساڵ شەڕی وێرانکەر و بە وەکالەتی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەیی و جیهانی، لە دڵی سیناریۆی ڕەشی سەپێنراو بەسەر سووریادا، بە پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵکی ئازادیخواز و بوێر و لێهاتوویی ژنان و پیاوانی چەکداری ڕێکخراو لەناو هێزە چەکدارە جەماوەرییەکاندا، توانیی ئاستێک لە ئارامی و ئازادی و خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنێت. ئەزموونی موسبەتی کانتۆنەکانی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سووریا دڕکێک بوو لە چاوی کۆنەپەرستانی ناوچەکەدا، بە تایبەتی دەوڵەتی سەرتاپا دژە خەڵکی تورکیا، کە لەم چەند ساڵەدا توانایی تەحەمول کردنی ئەوی نەبووە، وە هەر جارەی بە بیانوویەکەوە نیاز و ئامانجی بووە پەلامار و هێرش بباتە سەر ئەم ئەزموونە و شکستی پێ بهێنێت. لەشکرکێشیی سەربازی ئێستای دەوڵەتی تورکیا هەر لە پێناو ئەم ئامانجە دژە مرۆییەدایە.

حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حکمەتیست لەشکرکێشی و دەستدرێژی ئاشکرای دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستانی سوریا بە تووندی مەحکوم دەکات، وە لەم خەباتە چارەنووس سازەدا خۆی لە کەناری خەڵکی ستەمدیدە و ئازادیخواز و ژنان و پیاوانی چەکداری بەرگریکاردا دەبینێتەوە. ئێمە داوا لە هەموو خەڵکی ئازدیخواز و مودافعی مافی مرۆڤ، تەواوی ڕێکخراو و ئەحزابی چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتنخواز لە جیهان و ناوچەکە و بە تایبەت لە ئێران دەکەین، کە لەم ڕۆژانەی ئەم جەنگە نایەکسان و چارەنووسازەدا پاڵپشتی لە خەبات و مقاوەمەی خەڵکی کوردستانی سووریا بکەن، وە بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت، پشتیوانی لەم مقاوەمەیە بکەن. مقاوەمەی چەکدارانە و جەماوەری، وە پاڵپشتیی جیهانی و ناوچەیی فراوان لەم مقاوەمەیە تەنیا ڕێگای کاریگەرە بۆ شکست پێ هێنانی هێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا و گەرەنتی کردنی سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانی سووریا لەم خەباتە چارەنووسسازەدا. با بە هەموو شێوەیەک و بە ئەوپەڕی تواناوە لەم نەبەردەدا لە تەنیشت خەڵکی کوردستانی سووریادا ڕابوەستین.

بژی ئیرادە و مقاوەمەی خەڵکی کوردستانی سووریا!
مردن بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا!

حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حکمەتیست

٩ ئۆکتۆبەر ٢٠١٩