جمعه, 01 دی 1396 ساعت 17:02

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی کوردستانی حزبی حکمەتیست دەربارەی -شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی هەق خوازانەی خەڵکی کوردستانی عێراق

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی کوردستانی حزبی حکمەتیست دەربارەی -شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی هەق خوازانەی خەڵکی کوردستانی عێراق

لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ١٨ی دیسەمبەرەوە، جارێکی دیکە ئاگری تووڕەیی خەڵکی ناڕازی و هەق خواز بەشێکی زۆر لە شارەکانی ژێر حاکمییەتی دەوڵەتی هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتۆتەوە. حکومەتی بێده ره تان و بە بنبەست گەییشتووی ئەحزابی ناسیونالیست لە بەرامبەر ڕاپەڕینی فراوانی جەماوەری خەڵک و داخوازییە ڕەواکانی ئەواندا وەڵامێکی نییە. بەڵام بە کاری سەرکوتگەرانەی هێزی چەکداریان تا ئێستا دەیان کەس بریندار، ژمارەیەکی زۆریش دەستگیر و بە دیاری کراویش لە شاری ڕانییە چەند کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەم هەنگاوە سەرکوتگەریانە لەلایەن ئێمەوە بە توندی مەحکومە.

ئاشکرایە خەڵکیك کە ساڵەهایە لە جیاتی ژیانی ئاسایی و ئەمنییەت و خۆشگوزەرانی، کاریان بۆتە ڕووبەڕوو بوونەوەی بەردەوام لە دژی نەبوونی و فەسادی خاوەن پلە و پایەکانی دەسەڵات، هەقی خۆیانە تا گۆڕینی هەل و مەرجی ژیان و گەییشتن بە خواستەکانیان درێژە بە خەباتیان بدەن. بەڵام کاری خەباتی خەڵکی کوردستانی عێراق ئێستا ئیتر سنووری بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ فەساد و لە دژی سەپاندنی هەژاری و نەداری، وە یان بۆ دابین کردنی لانی کەمی خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییە گشتتییەکان تێپەڕیوە. خەڵک بە ڕاشکاوی خوازیاری ڕووخاندنی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنانن بە حاکمییەتی ئەحزابی ناسیونالیست. ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە دەرگیری قەیرانێکی وەها بوون کە لە ئیدرەدانی کار و باری حزبەکانیشیانا دووچاری گرفت بوون. ئێستا ئەحزابی حاکم و حکومەتی هەرێمەکەیان لە ڕووی بێده ره تانییانەوە بەڵێنی "هەڵبژاردنی پێش وەخت" ئەدەن لە سێ مانگی ئاییندەدا. ئەمانە بێ ئاگان لەمەی کە ناڕەزایەتی قووڵ و ئێستای خەڵکی کوردستانی عێراق خۆی دەرئەنجامی تەجرەبەی ڕاستەوخۆی خەڵکە لەگەڵ گاڵتەجاڕی "هەڵبژاردنەکانیان" و بەرپاکردنی پارلەمان و دەوڵەتی فاسدیان لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا. ئەم جارە خەڵکی تەسمیم گرتوو و تێکۆشەر دەتوانن وە پێویستە ئەم فێڵ و فریوکاریانە بخەنە لاوە.

ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو ئەحزابی ئەسڵیی ناسیونالیست لە حکومەتدا، ئیتر لە ڕوانگەی زۆربەی خەڵکی کۆمەڵگای کوردستانی عێراقەوە هیچ شەرعییەتێکیان نییە، بەڵام بەشێک لە جەریاناتی ناسیونالیست و ئیسلامی لەوانە حزبی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کە ڕیاکارانە و ئینتیهازیانە ڕوخساری ئۆپۆزیسیۆنییان لەخۆ گرتووە و هەر دوێنێ لە "حکومەت و پارلەمانی هەرێم" کشاونەتەوە، بەنیازن بە پشتبەستن بە ناڕەزایەتی بەرهەقی خەڵک و بە وەعدەی "حکومەتی ڕزگاری میللی" لەژێر پەرچەم و سیاسەتی کۆنەپەرستانە و ناسراوی ناسیونالیزمی کورددا حکومەتێکی هەرێمی دیکە ئەم جارە بە سەرکردایەتی خۆیان بهێننەئاراوە. پێویستە خەڵکی ووشیار سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ئەم ڕەوتانە بە لێبڕاوییەوە تووڕهەڵدەن. ئەم بەناو "ئۆپۆزیسیۆنانە" کە بەشێک لەوان ئیسلامی تەشریفیان دیارە، خۆیان لە نەگبەتییەکانی دەسەڵاتدارێتی سێ دەیەی ڕابردوودا، لە سەرکوتی موخالیفان و کوشتاری ژنان، کرێکاران، کۆمۆنیستەکان، ئازادیخوازان و ڕۆژنامەواناندا تۆمەتبار و شەریکی تاوانەکانی حکومەتن. بەداخەوە بۆشایی نائامادەیی ڕابەرییەکی سۆشیالیستی و ڕێکخراو، بەهێز و جەماوەری و جێگا متمانە کە بتوانێ لە وەزعی قەیراناوی ئێستادا ڕابەرایەتی خەباتی ڕەوای کۆمەڵگای کوردستان لەئەستۆ بگرێ، هەل و مەرجێکی پێشهێناوە کە ئەحزابی دیکەی ناسیونالیزمی کورد و بەشێک لە ملیۆنێرەکانی چینی سەرمایەدار کە لە واقعدا بە قیمەتی هەژاری و لەناوچونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دەوڵەمەند بوون، ئەم دەرفەتە بەدەست بێنن، خۆیان وەکو "ئەڵتەرناتیڤ و ڕزگارکەری کۆمەڵگا" لە بنبەستی ئێستا بناسێنن. ئەمانە خۆیان بەشێک بوون لە پەیکەری دەستەی حاکمییەتی بۆرژوا ناسیونالیستی سێ دەیەی رابردوو و دەبێ ڕیسوا و تەریک بکرێنەوە.

خەڵکی ژێر ستەم لە کوردستانی عێراق کە چەندین دەیە لەژێر فشار و ستەمگەری دەوڵەتە سەرکوتگەرە مەرکەزییەکاندا ئەمنییەت و ئاساییشێکیان نەبووە، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا و لەژێر حاکمییەتی ئەحزابی ناسیونالیستیشدا چەندین جار ماف و کەرامەت و ئیحترامیان پایماڵ کراوە و ئومێدیان بۆ ڕزگاری هەمیشەیی لە دەسەڵاتی دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی مەرکەز گۆڕاوە بە نائومێدی. بە تایبەتی دوای ڕیفراندۆمی بەرهەقی ئەم دواییەی خەڵک و هەوڵدان بۆ شکست پێ هێنانی ئیرادە و دەنگی خەڵکی بە دەستێکەڵکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراق و جمهوری ئیسلامی لەلایەن ئەم حزبانەوە، ئەمڕۆ هەر ڕێبوارێک لە کوردستانی عێراق دەزانێ کە چارەنووس و ئاییندەی نەوەکانی داهاتوویان قوربانی کێبەرکێی دەروونی بنەماڵەیی ئەحزابی بۆرژوازیی حاکم وسواڵ و گەدایی ئەوانن لە بەرامبەر بە دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکەدا.

لە هەل و مەرجێکی لەم چەشنەدا دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە کۆمەکی جمهوری ئیسلامی لەڕێی بەبارمتە گرتنی نانی خەڵک و هەڕەشەی سەربازییەوە دەیەوێ هەم ببێتە هۆی نانەوەی تەفرەقە و جەنگی ناوخۆیی لە بەینی ئەحزابی دژبەیەک هەم لە ڕێی دەست و پێوەندەکانیانەوە لە کوردستانی عێراق، خەڵک ناچار بە تەسلیم بوون و ملدان بە سیاسەتەکانیان بکەن. هەر بەم هۆکارەیە هەل و مەرجی ئاڵۆزی ئێستا بەرپرسیارێتی و هەستیاریییەکی تایبەتی دەخاتە ئەستۆی خەڵکی ناڕازی و ڕابەرانی ناڕەزایەتییەکانەوە. ئەرکی ڕابەرانی ووشیار و ڕۆشنبینی ئەم خەباتە ڕەوایە ئەمەیە کە یەکەم دەخالەت و پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق و جمهوری ئیسلامی و هاوکاری ڕەوتە ناسیونالیست و ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی ئەم دوو دەوڵەتە کۆنەپەرستە بێ هیچ ناڕۆشنییەک ڕیسوا و ناکام بکەنەوە. دووهەم سەرمایەداران و ئەو ملیۆنێرانەی کە کێبەرکێ لەسەر بردنی بەش لە سامان و دەسەڵاتی کۆمەڵگا ئەوانی فڕێداوەتە بەرەی بەرامبەر هاوچینەکانیان لە حکومەتی هەرێم، ڕیسوا بکەن و لە مەیدان دەریان کەن.

ناڕەزایەتی هەق خوازانەی خەڵکی کوردستان و بەگەڕکەوتنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی ئەوان پێویستە لە ڕێکخستن و ڕێکخراو و ئۆرگانی بەکردەوە دەرهێنانی ئیرادەی ڕاستەوخۆی ئەواندا بەرجەستە ببێت. خەڵکێکی ناڕازی کە بە هەق خوازیاری هێنانەخواری حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بە حاکمییەتی ئەحزابی ناسیونالیستی حاکمن، لە جیاتی ئەوە دەبێ لە ئۆرگانەکانی بەکردەوە دەرهێنان و دەسەڵاتدارێتی ڕاستەوخۆی خەڵکیدا ڕێکخراو بن. ڕابەرانی ووشیار و سۆشیالیستی ئەم نارەزایەتییانە، کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان لەم زەمینەدا پێویستە بە ڕۆشبینی و ووریاییەوە هەنگاو بنێن. کاتی ئەوەیە لە گەڕەکەکان، شوێنەکانی کار و ژیان و لەناو شارەکان، کۆبوونەوە گشتییەکان و شوراکان پێکبێنن و دەسەڵاتدارێتی پشتبەستوو بە جێ بە جێکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک بێننەئاراوە. هەمان ئەو کارەی کە خەڵکی شارەکانی کوردستانی عێراق لە بزووتنەوەی شورایی ساڵی ١٩٩١و بۆ ماوەیەکی کورت تەجروبەیان کرد لە بەکردەوە دەرهێنانی ئیرادەی خۆیاندا. ئەم تەجروبە ئیجابییە دەبێ دووبارە بکرێتەوە.

کۆمیتەی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حکمەتیست
٣٠ ئازەر ١٣٩٦ – ٢١ دیسەمبەر ٢٠١٧

خواندن 79 دفعه

با ما در تماس باشید

عضویت در خبرنامه سایت

گزارشات پربازدید