پنج شنبه, 29 مهر 1395 ساعت 16:44

ڕاگەیاندنی حزبی حکمەتیست دەربارەی شەڕی موسڵ . دەورو دوکانی داعش ‌و گشت کۆنەپەرستانی مەیدانی سیاسەتی عێراق دەبێت هەڵبێچرێت

ڕاگەیاندنی حزبی حکمەتیست دەربارەی شەڕی موسڵ . دەورو دوکانی داعش ‌و گشت کۆنەپەرستانی مەیدانی سیاسەتی عێراق دەبێت هەڵبێچرێت

سەرلەبەیانی دووشەممە ١٧ی ئۆکتۆبەر حەیدەر عەبادی دەستپێکردنی شەڕی لەگەل داعش لە موسڵ ڕاگەیاند. شەڕی ئێستا لە موسڵ‌ و کوشتار و ئاوارە بوون‌، یان بەدیلگیرانی خەڵکی ئەم شارە چەند ملیۆنییە بە دەستی جەللادانی داعش لە دوو ساڵی ڕابردوودا، تەنها چەند شانۆیەکی ڕاچڵەکێنەرن لە کارەساتێکی فراوانتر کە بە شوێن لەشکرکێشی‌ ئەمریکا و بریتانیا و هاوپەیمانانیان بۆ سەر عێراق بەر لە سێزدە ساڵ بەسەر خەڵکی چارەڕەشی عێراقدا هسەپێنراون. دیاردەی لەڕادەبەدەر کۆنەپەرستی داعش بەرئەنجامی دەخالەتگەری ئیمپریالیستیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیه لە عێراق‌ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌، وەکو دوژمنانی موتڵەقی سەرەتاییترین ستانداردەکانی ژیانی ئینسانی ئەمڕۆ. پێویستە ئەم دڕندەییە لەناو ببرێت. دەستی داعش دەبێت لەسەر خەڵک کۆتا بکرێت. نابێت شەڕڕاگەیاندنی هیچکەس، تەنانەت ئەمریکا و هاوپەیمانانی‌ و دەوڵەتی کۆنەپەرستی عێراق‌ و هەرێمی کوردستان بەدژی داعش مەحکوم بکرێت. نابێت خوازیاری ڕاگرتنی شەڕی ئەم کۆنەپەرستانە بین دژی داعش. داعش دەبێت تێکبشکێت، دەستبەجێ‌ و بە هێزی سەربازی تێکبشکێنرێت.

لە نەبوونی هێزێکی چەکداری پشتبەستوو بە ئیرادەی خەڵک لە چەشنی نەبەردی موقاومەتی قارەمانانەی کۆبانی، مادام لەم شەڕەی ئێستادا هێزی سەربازی خولقێنەران‌ و پارێزەرانی تائێستای داعش ڕایانگەیاندووە کە دەیانەوێت داعش لە موسڵ وەدەرنێن، لێگەڕێن با دەریپەڕێنن. نابێت دژی ئەم کارە بین. هیچکەس ڕێگری لە پاککردنەوەی دەور و دوکانی ئینسانکوژانی داعش ناکات، کە بەرئەنجامی کاری خودی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ڕژێمی حاکم بەسەر عێراق ‌و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە.
شەڕ بۆ شکستدانی داعش نابێتە جێی موخالەفەتی ئێمە و خەڵکی دیلی دەستی داعش‌ لە عێراق‌ و سوریا و خەڵکی ئازادیخوازی جیهانیش. لە ڕوانگەی ئێمەوە دیفاع لە وەستانی جەنگ لە موسڵ بەهەر پاساوێک بێت، دیفاعە لە بەردەوامی یەخسیربوونی خەڵک لەنێو کوشتارگای تەوەحوشی داعشدا. سڕینەوەی داعش لە ناو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ئێمە و خەڵکی دیلکراوی ئەم ناوچەیە. ئێمە دەزانین ئەوانەی کە داعش ‌و قاعیدە و نمونەکانی پێشووتریان دروست کرد تا وەکو ئامڕازی کێشمەکێشە گەورەترە ناوچەیی ‌و جیهانییەکان بەکاریان بێنن، لە هەر جێیەک بۆیان بلوێت براکانی داعش لە قالبی دیکەدا بەرئەدەنە گیانی خەڵک. گسکدان‌ و تێکشکاندنی یەکجاری تیرۆریزمی ئیسلامی کاری چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئەم وڵاتانەیە. شکستدانی هەرچی خێراتری داعش لە موسڵ ئارەزووی دانیشتوانی شارێکە کە دوو ساڵ‌و چوار مانگە بارمتەی دەستی تەوەحوشێکی ئیسلامی بێوێنەیە. بێگومان دەبێت بە توندی بۆردمان‌ و تۆپبارانی شاری موسڵ‌ و وێرانکردنی شوێنە گشتییەکان‌ و شوێنی ژیانی دانیشتوانی موسڵ‌ و ئەو شار و گوندانەی بوونە مەیدانی فراوانتری ئەم شەڕە مەحکوم بکرێت ‌و ڕابگیرێت. هەروەها دوپاتی دەکەینەوە کە بەرگری لە سەدان هەزار هاوڵاتی کە ڕەنگە لە درێژەی ئەم جەنگەدا به ناچاری ئاوارە بن، پێشوازی کردنیان ‌و پارێزگاری کردن لێیان، وە دابین کردنی پێویستی ژیاتیان‌ و ئاساییشی‌ گیانییان ئەرکێکی هەرە پێویستە. هێزە ئازادیخواز و ئینساندۆستەکانی سەرانسەری جیهان چاوەڕوانییان لێدەکرێت که فشار بخەنە سەر ئۆرگانەکانی ڕێکخراوی نەتەوه یەکگرتووەکان ‌و دەوڵەتانی بەغدا و هەولێر بۆ دابین کردنی دەسبەجێی ئاسایش‌ و پێداویستییەکانی گوزەرانی ئاوارەکانی جەنگ.
بۆچی ئێستا؟

دوو ساڵ‌ و چوار مانگ پێش ئێستا مالکی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی حاکم لە عێراق‌ و سوپای ژێر فەرماندەیی ئەو، شاری چەند ملیۆنی موسڵیان بە دەریایەک تەجهیزاتی سەربازی پێشکەوتووەوە بە بەهای چەند ملیارد دۆلار تەسلیمی داعش کرد. ئێستا حەیدەر عەبادی، جێگرەوەی مالکی لە پۆستی سەرۆک وەزیران‌ و فەرماندەی هێزی چەکداری عێراقدا، دوای دوو ساڵ‌ و چوار مانگ چاوپۆشی کردن لە باڵادەستی داعش‌‌ و جێبەجێکردنی کردەوە وەحشییەکانی بەسەر ژیانی خەڵکی موسڵەوە، فەرمانی جەنگ بە دژی داعش دەرئەکات تا ئەو شارەی کە خۆیان داویانەته دەستی داعش، لێی بستێننەوە.
لەم جەنگەدا دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە جیهانی‌ و ناوچەییەکەی بە پشتیوانی ئاسمانی‌ و زەمینی لە هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی عەبادی لە جەنگی موسڵدا بەشدارن. یانی هەر ئەوانەی کە بە جەنگی ساڵی ١٩٩١ی کەنداو، بە سەپاندنی دوازدە ساڵ گەمارۆی ئابووری بەسەر عێراقدا، بە ڕێگرتن لە هاتنەناوەوەی دەرمان ‌و شیری ووشک، بەتایبەتی بە هێرشی سەربازی مارسی ٢٠٠٣ بە بیانووی "چەکی کۆکوژ"ی نەبوو لە عێراق، تاوانی گەورەیان دژی خەڵک ‌و مەدەنییەتی ئەو کۆمەڵگایە ئەنجامدا، وە زەلکاوی سیناریۆیەکی ڕەشیان بەرپاکرد کە بوویە سەکۆی بەدەسەڵاتگەییشتنی دارودەستەکانی کوشتار و گەندەڵی کە هاوبەشن لە دەسەڵاتی ڕژێمی حاکم بەسەر عێراقدا، هەروەها بوویە ژینگەی نەشو‌ونمای تەوەحوشی ئیسلامیی داعش‌ و وێنەکانی، ئێستا لە تەنیشت عەبادی ‌و مالکی ‌و حەشدی شەعبی ‌و .. هتدەوە، بۆ شەڕ له دژی داعش لە موسڵ قۆڵیان هەڵماڵیوه.
جمهوری ئیسلامی حاکم بەسەر ئێراندا کە لە تاوانکاریی دژی ئینسانی، لە داعش کەمتری نەهێناوە، ڕژێمێک کە قەتڵی عامی دەیان هەزار زیندانی لە هەشتاکانی سەدەی پێشووداو لە هاوینی ساڵی  ١٩٨٨ تەنها بەشێکە لە تاوانکارییەکانی، ڕژێمێک کە پارێزەری ئەسڵیی ڕژێمی تاوانکاری ئەسەدە لە سوریا، یەکێک بوە لە خوڵقێنەرانی داعش‌ و لە پارێزەرانی دائیمی تاڵیبانی ئەفغانستان، ڕژێمێک کە بۆ سازدانی میلیشیای "حەشدی شەعبی" لە عێراق، بەوێنەی سپای پاسدارانی خۆی لە هیچ کۆششێک درێغی نەکردووە، ئێستا بۆ بەشداری ئەم میلیشیای هەوەحوشی مەزهەبی‌ و وێنە داعشە لە شەڕی موسڵدا سنگ دەکوتێت.

دەوڵەتی تورکیا کە پەیوەندی لەگەڵ داعش هێندە ئاشکرایە پێویستی بە باسکردن نیە، دەوڵەتێک کە پارێزەری ڕاشکاوی داعش بوو لە دژی خەڵکی کۆبانی‌ و بە ئاشکرا لەپێناو سەرکەوتنی داعش بەسەر ب موقاومەتی جەماوەری خەڵکی چەکبەدەستی کۆبانیدا دۆعا و نزای دەکرد، ئێستا لە سوریا لە دژی داعش شەڕ ئەکات، وە لە عێراقیش بۆ بەشداری هێزەکانی لە شەڕی موسڵ پێ دادەگرێت.

ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی حاکم بەسەر کوردستانی عێراقیشدا، کە خەڵکیان دووچاری هەژاری‌ و نەهامەتی کردووە و ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی جەماوەر بوونەتەوە، ئەو حزبانەی کە بەهۆی سات‌ وسەودایان لەگەڵ داعش کەوتوونەتە بەر پرسیار و گومانی ڕای گشتی، بە هێزەکانی پێشمەرگەوه لەم شەڕەدا بەشدارن.

چ باسە؟ وەڵام ئەوەیە کە ئەمانە نیشانەی چکۆلەترین لایەنگری لایەنەکانی بەشدار لە شەڕی موسڵ نییە بۆ خەڵکی موسڵ. ئاماژەی کۆتایی هاتنی کابوسی داعشە لە زەلکاوی شوێنی نەشو‌ونمایدا. نیشانەی ئەوەیە بەهای بەکاربردنی تەوەحوشی ئیسلامی داعش بۆ خوڵقێنەران‌ و پارێزەرانی تەواوبووە و ئەم دڕندە ئیسلامیانەی سەدەی بیست‌ویەک لە عێراق‌ و سوریا گەییشتونەتە دوایین هێڵەکانی مەئمورییەتەکەیان. هەر بەم دەلیلەشە کە دیسان بە هاوکاری ئاشکرا و نهێنی هەر ئەم پارێزەرانە لە هەوڵدان تا لە ناو زەلکاوی سیناریۆی ڕەشی لیبیا و ئەفغانستان جێ پێ پەیدا بکەن.

یەکەمین جار ژنان‌ و پیاوانی چەکبەدەستی کۆبانی بە موقاومەتی دلێرانەیان شەیپۆڕی نابودیی کابوسی ئیسلامی داعشیان لێدا. ئەگەر لە موسڵیش موقاومەتێکی چەشنی کۆبانی پێکبهاتایە یاخود پێکبێت، یەکینەکانی سوپای سوور و یەکەکانی گاردی ئازادی دەستپێشکەری شەڕیان دژی داعش لە دەستدا بووایە، یاخود باڵێک لەو شەڕه بوونایە، سەرکەوتن بەسەر ئەم کابوسەی تەوەحوشی ئیسلامیدا خێراتر وە بە قوربانی‌ و کاولکاری زۆر کەمتر لە توانادا دەبوو.

گومانی تێدا نییە کە شکستی داعش لە موسڵ، نابێتە هۆی ڕزگاری خەڵکی ئەو شارە و باقی شوێنەکانی تری عێراق لەدەست کوێرەوەرییەکانی‌ تا ئێستا، لە دەست شەڕە قەومی‌و مەزهەبییەکان، لە دەست ئیستیبداد و گەندەڵی و  سەرکوت ‌‌و زامە قووڵەکانی جەستەی کۆمەڵگا. ئەو هێزانەی ئەم هەل‌ و مەرجە ڕەشەیان هێناوەتە ئارا، لە مەیدان ئەمێننەوە. لە ئاکامی شکستی داعش بە تایبەت به دیاریکراوی بارودۆخی شاری موسڵ‌ و دەشتی نەینەوا و شیوازی ئیدارەی ئەو شوێنە بە هۆکاری جەوی کاملی باوەشێنکردنی تەفرەقەی قەومی ‌و مەزهەبییەوە دەبێته گرێکوێرەیەکی سەرەکی.  

تێکشکانی داعش لە موسڵ دەرفەتێک ئەکاتەوە بۆ خەڵک تا پشت ڕاست بکەنەوە. ئیرادەی خۆیان زیندوو بکەنەوە. بە یەکێتی‌ و هاوپشتی سەرانسەری‌ و بە هێزی ڕێکخراو و وشیاریان، ڕێچکەی پێشڕەوی لە ڕاستای کۆتاییهێنان بە سیناریۆی ڕەشی بان سەری کۆمەڵگا و دابینکردنی بەشداری ڕاستەوخۆی تاکەکانی هاوڵاتیان لە شکڵدان بە ئاییندەی سیاسی عێراق واڵا بکەن، یارمەتیدەر بن له کاری پاککردنەوەی ڕژێمی قەومی ئیسلامی دەسەڵاتداردا، وە لەپیناو بەرپاکردنی نیزامێکی سیاسی سکۆلاری پشتبەستوو بە مافی یەکسانی هاوڵاتیان سەربەخۆ لە ئینتیمایان بۆ قەومییەت‌ و مەزهەب بێنە مەیدان.

حزبی حکمەتیست، کۆمۆنیستەکان، ئازادیخوازان، ژنان‌ و پیاوانی یەکسانیخواز بانگەواز دەکا کە وشیارانە و بە پلانەوە لەناو ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی عێراق‌ و کوردستانی عێراقدا بەشداری بکەن، وە ڕێگا نەدەن کۆتایی هاتنی داعش دەستپێکی هێنانەمەیدانی داعشی دیکە بێت لە شکڵ‌ و شێوازی دیکەدا.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران-‌ حکمەتیست
١٩ی ئۆکتۆبەر٢٠١٦

خواندن 952 دفعه

با ما در تماس باشید

عضویت در خبرنامه سایت

گزارشات پربازدید