سه شنبه, 30 مهر 1392 ساعت 19:54

ڕەزا کەمانگەر:کرێکارانی کۆچبەر لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە ڕێکخراو و ڕێکخستنی خۆیان هەیە!

ڕەزا کەمانگەر:کرێکارانی کۆچبەر لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە ڕێکخراو و ڕێکخستنی خۆیان هەیە!
پێشەکی: ئەم باسە بۆ سەمیناری کۆمیتەی ڕێکستن بە ناونیشانی " کرێکارانی کۆچبەر لە کوردستانی عێراق و پرسی ڕیکخستنیان" کە لە ڕیکەوتی ٧ی سپتامبری ٢٠١٣ بەڕێوەچوو ئامادە کرابوو. ئەم باسە دوای پێشکەشکردنی و وەرگرتنی تێبینی ئامادەبووانی سەمینارەکە گۆڕانکارییەکی کەمی تێدا کراوە. لێرەدا پێویستە لەسەر سێ خاڵی سەرەکیی پێدابگرم: یەکەم، ئامانجی ئەم باسە ئەوە نییە کە لە نێو کرێکارانی کۆچبەر لە هەرێمی کوردستان ڕێکخستنێکی حیزبی پێک بهێندرێت!
دووەم: مەبەستی ئەم باسە ئەوە نییە کە هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاریی تا ئێستا بیریان لە ڕێکخستنی کرێکارانی کۆچبەری هەرێمی کوردستان نەکردبێتەوە و ئەمە بڵێین سەرەتای وەها باسیک بێت. دیارە هەڵسوڕاوانی کرێکاریی هەمیشە بۆ ڕێکخستنی کرێکارانی کۆچبەر کاریان کردووە و کار دەکەن. سێیەم: ئەم باسە هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ ئەندامەتی کرێکارانی کۆچبەر لە ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی کوردستان نییە و بێگومان ئەو کرێکارانە ئەوەندەی کە بۆیان دەکرێت پێویستە هەوڵ بدەن لەو ڕێکخراوانەدا ببنە ئەندام.
هەوڵی ئەم باسه سه رنجڕاکێشانی زیاتری هەڵسوڕاوانی بزوتنه وەی کرێکاریی، حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ناوچەکه و به تایبەتی حیزبی حیکمەتیسته بۆ ڕێکخراوبوونی کرێکارانی کۆچبەر لە ڕێکخراوه پیشەییەکانی هەرێمی کوردستاندا.
هاوڕێیان! من پێشتر بابەتێکم بە ناوی "ئێرە سلێمانیە" نووسیوە کە تیایدا بە شێوەیەکی گشتی هەلومەرجی ژیان لە شاری سلێمانیم خستۆتە ڕوو و بە کورتی لایەنە گشتییەکانی ڕوخساری ناکۆکیە چینایەتیەکانی شاری سلێمانیم باس کردووە کە یەکێک لە دوو بەشە سەرەکیەکەی هەرێمی کوردستانە.
لە کۆتایی بابەتەکەدا، باسی نەبوونی ئاسایشی شوێنی کاری کرێکارانی کۆچبەر و بێمافیەکانیانم کردبوو.  هەروەها ئاماژەم بەو هەوڵانە دابوو کە پێشتر لەلایەن هەڵسوراوانی کرێکارییەوە بۆ ڕێکخستنی کرێکارانی کۆچبەر دراوە کە دەبێ لەلایەن ڕێکخراو و حیزبە چەپ و کۆمۆنیستیەکانی عێراق و کوردستان و ناوچەکە پشتگیرییان لێ بکرێت.
لەم باسەدا دەمەوێ زیاتر لەسەر پێویستیی و گرنگیی ڕێکخراوبوونی کرێکارانی کۆچبەر پێداگرم و لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی داوا بکەم کە بۆ کۆتاییهێنان بەم بێمافیانەی کرێکارانی کۆچبەر ڕێگاچارەیەک بدۆزنەوە. بێگومان ئەم باسە ڕەخنەگرانی جۆراوجۆری خۆی هەیە کە سەر بە بۆچوونی سیاسی ـ چینایەتی جۆراوۆرن و پێویستە بۆ نەهێشتنی ناڕۆشنیەکانی هەڵسوڕاوانی کرێکاریی، ڕەخنەی کۆمۆنیستەکان و هەڵسووڕاوانی جیددی ئەم بوارە لەبەرچاو بگیرێن.
هەندێک لەم پرسیارانە ئەمانەن: ڕێکخراوبوونی کرێکارانی کۆچبەر بۆچی؟ بۆچی بۆ کرێکارانی کۆچبەر وڵات دروست دەکەیت؟ مەگەر ئەمە بەواتای جیاکردنەوەی کرێکارانی کۆچبەر لە کرێکارانی خەڵکی ئەو ناوچەیە نییە؟ ئایا هینانەگۆڕی باسی ڕێکخراوبوونی کرێکارانی کۆچبەر، خۆی لە خۆیدا بە واتای بەهێزکردنی ڕوانگەی ناسیۆنالیستیی نییە؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تری لەم چەشنە لەبەردەم هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکارییدان کە وەڵامدانەوە بەمانە، بەشێکی گرنگ لە ناڕۆشنیەکانی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی بۆ پێکهینانی ڕێکخراوە پیشەییەکانی کرێکارانی کۆچبەر  ڕوون دەکاتەوە.
ئەڵبەتە ئەبێ ئەمە قبووڵ بکەین کە ئەم باسە، باسێکی تازەیە کە ئەمڕۆکە بەرەوڕوی هەزاران کرێکاری کۆچبەر بووەتەوە کە لە هەرێمی کوردستانن کە تا ئەمڕۆ لەلایەن ئێمە و  زۆربەی لایەنە چەپەکان کەمترین بایەخی پێدراوە.
ئەم باسە لە ڕاستییدا سەرەتا و کورتەی باسێکی چڕوپڕە کە دەکرێ بە بەشداریی هەڵسووراوانی بزووتنەوەی کرێکاریی و شارەزایانی ئەم بوارە پوختە بکرێت و بەرنامەی کارێکی ڕێکوپێکی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی لێ دەستەبەر بکرێت بە مەبەستی بەدەستهێنان و پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی کرێکارانی کۆچبەر لەم وڵاتەدا.
جارێکی تر پێداگریی ئەکەمەوە لەسەر ئەوەی کە مەبەست لەم باسە گرنگیدانە بە ڕێکخراوبوونی کرێکارانی کۆچبەر بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و پێشگیریی لە پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن خاوەنکارانەوە. ئاشکرایە کە ڕێکخراوی کرێکارانی کۆچبەر ئەرکی گۆڕیینی بنەمای سیستمی دەسەڵاتدارێتیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانی لەسەر شان نابێ و دەست ناخاتە کاروباری سیاسی هەرێمی کوردستانەوە و تەنها ڕێکخراوێکی پیشەیی کرێکارانی کۆچبەر دەبێت و کرێکارانی کۆچبەر هاندەدات کە تێکەڵاوی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی کرێکارانی خۆجێی و کۆچبەریی بن. کرێکارانی کۆچبەر بە ڕێکخراوبوونیان ئەبێ لە هەوڵی بەیاساییکردنی جێگەوڕێگەی پیشەیی خۆیاندا بن بۆ نموونە بۆ بەدەستهێنانی یاسایی ئەم مافانە:
دیاریکردنی ستانداردێک بۆ مووچە و دانی مووچە لە کاتی دیاریکراودا، ستانداردکردنی گرێبەستە سەراسەریەکان، چاوەدێریی ئاسایشی شوێنی کار، فێرکردنی ئاسایشی شوێنی کار لەسەر حسابی خاوەنکار، بیمەی کرێکاران لە هەمبەر ڕوداوەکانی شوێنی کار، بیمەی تەندرووستیی، بیمەی خانەنشینیی، بیمەی بێکاریی، بەدەستهێنانی مافی مسۆگەری شوێنی نیشەجێبوون، دابینکردنی پاکوخاوێنیی، مۆڵەتی نیشتەجێبوون،کورتکردنەوەی دەستی کۆمپانیەکان و ئەو دارودەستە و دەڵاڵانەی که به بیانووی کارپەیداکردن و وەرگرتنی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتییەوە، کرێکارانی کۆچبەر دەڕووتێننەوە، قەرەبووکردنەوەی تێچوونی هاتوچۆی شوێنی کار بۆ کرێکارانی بە کۆچبەر و ... .
 ڕێکخستنی کرێکارانی کۆچبەر بۆ؟
ئایا کرێکارانی کۆچبەر کە ئەمڕۆکە لە ئێران، سوریه، تورکیه و زۆر شوێنی تری دنیاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان گوڵی سەر سەبەدی ئەم کۆمەڵگایەن؟ بۆچی تا ئێستا باسی  پێداویستیی پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی، عێراقی ... مان لە ئێران نەهێناوەتە گۆڕێ و کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی و ... مان بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کۆچبەران هاننەداوە؟ ئایا ئەم تایبەتمەندییەی کۆمەڵگای کوردستان لە کوێوە هاتووە؟
بۆ ڕۆشنکردنەوەی هەمەلایەنەی هەموو ئەو پرسیارانە و هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستان پێویستە لە باسی بێمافیی ڕەهای کرێکارانی کۆچبەر ئەولاتر بڕۆین و لێکدانەوەی هەلومەرجی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان بکەین و جێگەوڕێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی ئەم کۆمەڵگایە بناسین.   
هەلومەرجی ئابووریی و کاریی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەلومەرجی سەرمایەداریی لە ئێران و وڵاتانی ناوچەکە جیاوازیی هەیە. بەردی بناغەی ئەم جیاوازییە لە ژێرخانی ئابوورییدایە کە ڕۆڵ و جێگەوڕێگەی چینایەتیی چینی کرێکار لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگادا ڕوون دەکاتەوە. لە ئێران، تورکیه و سوریه و هەروەها بەشی خوارووی عێراق، چینی کرێکار وەک هێزی دابینکەری سوودی سەرمایە لە بەرهەمهێنانی سیستمی سەرمایەدارییدا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە. هەر یەک لە چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە ئەزموونی خەبات و کاری ڕێکخراوی سەدساڵەیان هەیە لە دژی خاوەنکاران و دەوڵەت.
چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە بۆنموونە چینی کرێکاری ئێران لە خەباتی خۆیدا لە دژی خاوەنکاران و دەوڵەت هەوڵیان داوە دەست بدەنە دەستی کرێکارانی کۆچبەری ئەفغاستانی و کرێکارانی کۆچبەریش لە هەرکوێ بووبنە هاوڕای هاوچینەکانیان سەرکەوتنی زیاتریان بەدەستهێناوە. باسەکە باسی کرێکاری کۆچبەری نیشتمانیی و نانیشتمانیی نییە و جێگەوڕێگەی کۆمەڵایەتییە کە پێویستیی ڕێکخراوبوونی هێناوەتە ئاراوە.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە چەندین دەیە تێکەڵاوی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانی دەوڵەتی عێراقە، ئێستا زیاتر لە دوو دەیەیە بووەتە کۆمەڵگەیەکی "ساوای" سەرمایه داریی کە کاڵا هاوردەکانی تێدا ساغ دەکرێتەوە. ڕەوشی ئەو هەرێمە لە ڕووی ناسنامەی سیاسییەوە هەڵواسراوە، ئەم ناوچەیە وەک دەڤەرێکی فیدراڵ هێشتا جێگەوڕێگەیەکی سیاسیی جێگیریی نییە. ئایا ئەگەر ڕۆژێک بێت و دەوڵەتی عێراق جێگیریی سیاسیی خۆی بەدەستبێنێتەوە گەرەنتییەک هەیە کە ئەم پەیمان و ڕەوشەی ئێستا تێک نەدات؟ لە هەلومەرجی ئێستادا ئەم ناوچەیە لە هەڕەشەی درێژماوەی واقعی ڕزگاریی نەبووە. بەم هۆکارەوە ئەم کۆمەڵگایە خاوەن ژێرخانێکی بەهێز و خۆڕاگر نییە و لە بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کۆمەڵگای کوردستان و توانای ڕکەبەریی ئابووریی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریی ناوچەیی و جیهانیی نییە. ئەم وێنایە بەوا تایە نییە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان بوونیان نەبێت.
ئەو سەرمایەدارانەی کە لە بواری خانووبەرەسازیی و شارسازییدا سەرمایەگوزارییان کردووە پێشوەخت پێشساختەکانی خۆیان فرۆشتووە قازانجێکی زۆرییشیان دەستکەوتووە. کەس پرسیار ناکات که بۆ ئەم سەرمایەدارە "ئازیزە خۆییانە" لەپاڵ ئەو خانووبەرەسازیی و شارەکسازیانەی کە ئەنجامی دەدەن بۆ کارخانەگەلی بەرهەمهێنانی سوودمەند بە پایەی ئابووریی درێژماوە دانامەزرێنن؟ بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە هەمان مەسەلەی گارانتی چارەنووسی سیاسی هەرێمی کوردستانە و هیچ سرمایەدارێک ڕیسک ناکات. بە گشتیی بەهۆی ساختاری سیاسی کۆمەڵگەی کوردستانی عێراق، سەرمایه بەرەو چالاکییە ئابوورییە سوودهێنەر و زوو بەرهەمهێنەری وەک بەشی نیشتەجێبوون و خانووبەرەسازیی و خزمەتگوزاریی گەرایشی هەیە، که لەسایەی دەسەڵاتدارێتیی سیاسی بورژوازی کورد و چەوساندنەوەی چینی کرێکار و بەتایبەتیی کرێکارانی کۆچبەر لەوپەڕی بێمافیی چینی کرێکار، بە شێوەیەکی بێبەزەییانە و دڕندانە درێژەی هەیە و سرمایەدارانی خۆجێیی لە سایەی ئەم بارودۆخەوە سودێکی زۆر یان دەست دەکەوێت.    
 لە سەردەمی دەوڵەتی بەعسی عێراق، ئەم ناوچەیە بەهۆی هەلومەرجی سیاسی لە ژێرخانێکی ئابووریی جێگیر بەهرەمەند نەبوو و کەوتبووە بەر هەڵاواردنی سیسماتیکی دەوڵەتی ناوەندیی و هەر ئەو ناوەندە بەرهەمهێنەرانەی وەک کارخانەی چیمەنتۆ، پوشاک، جگەرە، بلۆکبڕیی و دەواجین  و هتد کە لە ناوچەی سلێمانی و شوێنگەلێکی تر چالاک بوون که ئەمڕۆ یان لەکارکەوتوون و یان بە تەواوەتی بێبرەو بوونە. نزیک بە لە سەدا 95 ی پێداویستییەکانی ئەم کۆمەڵگا هاوردەییە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵک دەڕژێنە هەرێمی کوردستانەوە. تەنها سەرچاوەیەکیی داهاتیش، ئەوەی کە پیاوانی دەوڵەت ڕایدەگەیەنن هەناردەکردنی نەوتی خاو و هەروەها ئەو لەسەدا ١٧ بودجەیەیە کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە بۆ ئەو ناوچەیە دیاریکراوە. ئێستا پڕۆژەگەلێکی وەک خانووبەرەسازیی، شارەکسازی، ڕێگاوبان، بەنداوسازیی و دامەزراندنی شوێنە خۆشهوزەرانییەکان مەیدانگەلێکی بە ڕەونەقن که تیایاندا هەزاران کرێکاری کۆچبەر بە کەمترین موچە ڕۆژانە دەچەوسێندرێنەوە. ئەڵبەتە پێویستە ئەمەش بوترێت کە بەشی هەرە زۆری پێداویستیەکانی ئەم پڕۆژە خانووبەرەسازییانەش هاوردەیین و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێن.

پێوەرەکانی کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن
کوردستان کۆمەڵگایەکی شارنشینە، ئاستی وشیاریی و چاوەڕوانیەکانی خەڵک جیاوازییەکی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هاوسێکانی خۆی نییە. ئاستی پەروەردە و فێرکردن لە سەرەتاوە تا خوێندنی زانستیی لە زانکۆکان لە ئاستی ستانداردە ناونەتەوەییەکانە.  هونەر و وێژەی کوردستان سەرەڕای کاریگەرییەکانی مەیلە ناسیۆنالیستیی و ئیسلامیەکان پێشڕەویگەلێکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەدا بووە. خەڵکی کوردستان لەڕێگەی مێدیا سیاسی، کۆمەڵایەتیی و گەشتوگوزاری ئازادەوە بەشێک لە خەڵک پەیوەندییەکی بەربڵاویان لەگەڵ دەرەوە وڵات و دنیای دەرەوە هەیە کە ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زانیاریی و وشیاریی ئەم کۆمەڵگایە.
ئەم وێناکردنە بەواتای ئەوە نییە کە بۆچوونگەلی نەریتیی دواکەوتووانە و دەستوەردانی ئایین لە کاروباری سیاسی، ژیانی تاک، کۆمەڵایەتیی و سیستمی دژە ژنی دینیی و ناسیۆنالیستیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بوونیان نەبێت. ئەم بۆچوونگەلە لە کۆمەڵگای کوردستان کە کۆمەڵگایەکی حیزبییە لە پێناو جێخستنی نەریتە دواکەوتووەکانیان بە چنگ و ددان لە هەوڵی دژایەتیکردنی زانست و پێشکەوتن و شارستانیەتی کۆمەڵگای کوردستان دان. هەروەها سیستمی دەسەڵاتدارێتیی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی کوردیش بە بەردەوامیی لە بەرامبەر ئازادیە تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان و وەستانەوە بەرامبەر ئاستی بەرزی داخوازیەکان و چاوەڕوانییە جەماوەریەکان وەستاون و خۆڕاگریی دەکەن.
کار لە کوردستان
 ئەو ناوەندانەی کارکردن کە کە خەڵک و کرێکارانی هەرێمی کوردستانیان لە خۆیاندا کۆکردبێتەوە کامانەن؟
شوێنگەلێکی وەک بەشی خانووبەرەسازیی، ئاو و کارەبا، نانەواییەکان، پیشەوەرانی بچووک،کرێکارانی شارەوانی، دستفرۆشان، بازاڕیان، شیرینییمەنیەکان، چێشتخانەکان، تاکسی، بارگواستنەوە، کاسبکارانی سەرسنوور، دەمودەزگای پانوبەرینی حکوومەتیی و حیزبیی وەک وەزارتی پێشمەرگە، فەرمانگەکانی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، ئاسایش و لێکۆڵینەوە، وەزارەتی پەروەردە و دەیان دەمودەزگای حکوومەتیی و حیزبیی بوروکراتیکی بانخەڵک و هتد خەڵکی کوردستانیان سەرقاڵ و سەرگەرم کردووە که هیچ کام لەو شوێنی کارانە خاوەن پێگەیەکی ئابووریی بەهێز نین.
ناوەندگەلێکی وەک پاڵاوتگەکانی نەوت و ناوچە کشتوکاڵیەکان و پیشەسازیی گەشتیاریی تەنها شوێنگەلی سنوورداری ژێرخانی ئابووری جێگیریی ئەم ناوچەیەن.
ئەو شوێنانەی کە کرێکارانی کۆچبەر کاریان تێدا دەکەن
ئەو شوێنانەی کە کرێکارانی کۆچبەر کاریان تێدا دەکەن بریتین لە: خانووبەرەسازیی و شارەکسازییەکان، ڕێسازیی، بەنداوسازیی، پڕۆژەگەلی خۆشگوزەرانیی و گەشتیاریی، کارگەلی خزمەتگوزاریی، سەرتاشخانە و ئارایشگەریەکان، چێشتخانەکان، نانەواییەکان، شیریینیسازیەکان، خزمەتگوزاریی ناوماڵ و هتد.
هەندێک بەشی وەک خانووبەرەسازیی و شارەکسازیی، ڕێسازیی و بەنداوسازیی کەمترین کرێکاریی خۆجێیی کاریان تێدا دەکەن و هەر بەم هۆیەشەوە کرێکارانی کۆچبەر پەیوەندییەکی بەربڵاویان لەگەڵ کرێکارانی خۆجێیی نییە و تێگەیشتنێکی تەواویشیان لە کۆمەڵگای شوێنی کاریان نییە.
شوێنگەلێکی کاری وەک: چێشخانەکان، کرێکارانی کۆمپانیگەلی بەشی خزمەتگوزاریی و شارەوانیەکان و کرێکارانی ناوماڵ لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندیدان، بەڵام بەردەوام بێڕێزیی و سوکایەتییان پێدەکرێ کەمترین جێگەوڕێگەی کۆمەڵایەتییان هەیە  و به جۆرێک خاوەن هیچ جۆرە پشتبەخۆبەستنێک نین. زۆرترین هەڵسوکەوتی ڕاسیستیی و نژادپەرستانە بەرامبەر بەم کرێکارە کۆچبەرانە دەکرێت. کرێکارانی ژنی کۆچبەر بەشێک لە هێزی کاری بەشی خزمەتگوزاریی کۆمەڵگە پێکدێنن.

مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کرێکارانی کۆچبەر
مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کرێکارانی کۆچبەر لەڕێگەی پەیمانکاران و کۆمپانیەکانی ساخت و ساز و دەڵاڵانەوە بەناوی دۆزینەوەی هەلی کار، گەشتیاریی و گەشتەوە بەشێوەی دوو حەفتەیی، یەکمانگە و دوومانگە و شەشمانگە و یەکساڵە بە ورگرتنی تێچوونێکی یەکجار زۆر وەردەگیرێت و کرێکاری کۆچبەر لە ماوەی نیشتەجێبوونیدا نەتەنیا لە هیچ مافێکی وەک بیمەی دەرمانیی، بیمەی بێکاریی و خانەنشینیی بەهرەمەند نییە، بەڵکو وەک میوانێکی نەخوازروا کۆڵێک بێڕێزیی و سوکایەتیی جۆراوجۆری پێدەکرێت و ئەگەر بۆ ڕۆژێکیش بێ مۆڵەتی نیشتەجێبوون بێت ناچار بە دانی سزای نەغدی (کاش) دەبێت.  
دەبێ لە دامەزراندنی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکارانی کۆچبەر پشتگیریی بکرێت!
بەپێی ئەو وێناکردنەی کە لە ڕەوشی ئابووریی، سیاسی و هەلومەرجی تایبەتیی هەرێمی کوردستان درا، دەبێ ئێمە بەم ئاکامە گەیشتبین کە کرێکارانی کۆچبەر بۆ بەرگریکردن لە ژیانی خۆیان پێویستییان به سەرپەنایەک هەیە. کرێکارانی کۆچبەر مافی ئەوەیان هەیە کە ڕێکخراوی پیشەییان لەلایەن ئۆرگانی پەیوەندیداریی دەوڵەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمیی بناسرێت. ئەوان مافی خۆیانە کە لە ئۆرگانگەلی دەوڵەتیی، پارێزەری تایبەت بە کرێکارانی کۆچبەریان هەبێت. کرێکارانی کۆچبەر دەتووانن بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی گشتیی شوێنی کار لە کۆمپانیگەلی جۆراوجۆر ، داخوازییە پیشەییەکانی خۆیان وەک لانیکەمی مافی خۆیان بە پەسندی کۆبوونەوەی گشتیی شوێنی کاری خۆیان بگەیەنن و نوێنەرانێکیش بۆ بەدواداچوون و چاوەدێریی و لەبەرچاوگرتنی بەڕێوەچوونی داخوازیەکانی کرێکارانی کۆچبەر هەڵبژێرن. بێگومان هەڵسووڕاوان و ڕابەرانی کرێکاریی لە ناو کرێکارانی کۆچبەر و لە شوێنی کاری خۆیان هەرکامیان دەتووانن هەلومەرجی تایبەتیی ئەو شوێنە لێکبدەنەوە که چۆن دەکرێ کرێکارانی شوێنی کاری خۆیان ڕێکخراو بکەن و چ چوارچیوەیەکی ڕێکخراوەییش بۆ ئەو شوێنی کارە بە گونجاو دەزانن.
لەپێناو ڕێکخراوبوونی کرێکارانی کۆچبەر دەبێ دەستی هەر هەڵسوڕاوێکی کرێکاریی و مەیلێکی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی بۆ بەهێزکردنی یەکیەتیی و هاوپشتیی چینی کرێکار ئاوەڵا بێت کە بۆ یەکێتیی و هاوپشتیی کرێکاران چ ڕێگایەک دەگرنەبەر. یەکێک لە داخوازیەکانی ڕێکخراوی پیشەیی کرێکارانی کۆچبەر دەبێ ئەوە بێت کە لە هەموو ئەو بوارانەی کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە هەبێت بە کردەوە هاوکاریی ئەو ئۆرگانە کرێکارییانە بکەن کە هەر ئێستا لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە! بێگومان یەکێک لە ڕێگاچارە گونجاوەکان ئەندامەتی کرێکارانی کۆچبەرە لە ڕێکخراو و ڕێکخستنە کرێکاریەکانی هەرێمی کوردستان و ئەم ڕێکخراوانە دەبێ بەربەستە یاساییەکانی بەردەم ئەندامەتی کرێکارانی کۆچبەر لابەرن. بابەتێکی گرنی تر، ئەندامەتی کرێکارانی کۆچبەرە لە ڕێکخراو و ڕێکخستنە کرێکاریەکانی هەرێمی کوردستانە و ئەم ڕێکخراوانە دەبێ بەربەستە یاساییەکانی بەردەم ئەندامەتی کرێکارانی کۆچبەر لابەرن. بابەتێکی گرنی تر، ئەگەر کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان بە دەستی کرێکارانی کۆچبەر دروست دەکرێت و گەشەی پێدەدرێت، بۆ نابێ کرێکارانی کۆچبەر لە مافەکانی هاووڵاتیبوون ئەم کۆمەڵگەیە بەهرەمەند بن؟ خەڵک و چینی کرێکاری کوردستان دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.
هەوڵدان بۆ ڕێکخراوکردنی کرێکاران ئەرگی هەڵسووڕاوان و ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکارییە. پێکهێنانی هەرجۆرە ڕێکخراوێکی کرێکارانی کۆچبەریش دەستکەوتێکە بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و  لە هەمان کاتدا سەرکەوتنێکیشە بۆ دەستەبەرکردنی هاوپشتیی ناونەتەوەیی نێوان هەموو کرێکارانی وڵاتانی جۆراوجۆر کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستانن.
ستامبری ٢٠١٣

خواندن 1413 دفعه

با ما در تماس باشید

عضویت در خبرنامه سایت

گزارشات پربازدید