دوشنبه, 17 تیر 1392 ساعت 12:25

کۆتایی حکومەتی مۆرسی و ئێخوان، سەرکەوتنێکی گەورەی ڕیزی ئازادیخوازی و شۆرش لە میسر و جیهان

کۆتایی حکومەتی مۆرسی و ئێخوان، سەرکەوتنێکی گەورەی ڕیزی ئازادیخوازی و شۆرش لە میسر و جیهان

راپەڕینی شۆرشگێڕانەی سی ژۆئەن بێگومان خاڵێکی گرینگی وەرچەرخانە پاش شۆرشی 25ی ژانویەی 2011 کە ئاکامەکەی لەسەرکارلابردنی دووهەمین سەرۆک کۆمار، مورسی و دەسەڵاتە دژی شۆڕشە بۆرژوا ئیسلامیەکەی ئێخوانیەکان، "هیشام قەندیل"ه، لەلایەن ئیرادەی شۆرشگێڕانەی جەماوەری راپەڕیوەوە. ئەم ڕوداوە سەرکەوتنێکی گەورە و دەسکەوتێکی عەزیمە بۆ میسری شۆرشگێڕ و بۆ سەفی خوازیارانی ئازادی و بەرابەری لە سەراسەری جیهاندا. سەرکەوتنی ئەم ئاخێزە گەورەیە بۆ کۆتایی پێهێنان بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی ئیخوان ئەلموسلمین، هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕێگای داکۆکی لە دەسکەوتەکانی شۆرشی 25ی ژانویە بەرانبەر به هێرشی کۆنەپەرستترین باڵی دژی شۆرشی بۆرژوایی لەو وڵاتەدا، گەڕاندنەوەی شۆرشه بۆ سەر ڕێبازی پەرەسەندن و پێشڕەویی و ئامادەکردنی ئیمکانیاتی تازەیە بۆ درێژە پیدانی بێ وەستان لە ڕێگای شۆڕشی رزگاری بەخشی چینی کرێکاردا. هاتنەمەیدانی عەزیمی جەماوەری لە 30 ژۆئەن و هەروەها ئاکامە سیاسیەکانی ئەو لە ههمان کاتدا زەبرێکی کوشندەیه لە ئیخوان ئەلموسلمین، لە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و تێکرای باڵی ئیسلامی دژی شۆرشی بۆرژوایی لە میسردا. هەروەها زەبرێکی کاریگەریشە لە هەموو جۆرە رەنگاورەنگەکانی ئیسلامی سیاسی لە گروپە توندەرو و تیروریستەوه تا لایەن و گروپە "میانەرەو"هکانی لە رۆژهەڵاتی ناوراست و لە هەموو وڵاتانی ئیسلام لێدراو و لە سەراسەری جیهاندا.

لە 30 ژوئەنەوە دەورەیەکی تازەی شۆرشگێڕانه لە میسر دەستی پێکردوه کە هاوسەنگی هێزی لە بەرژەوەندی هێزەکانی بزوێنەری شۆرش و بە دژی سەفی دژی شۆرشی بۆرژوازی گۆریوه. ناسینی دروست و کونکرێتی ئەم قۆناغە شۆرشگێرانە نوێیە، هاوسەنگی سیاسی و کێشمەکێشی چینایەتی جیدی و دیاریکەر کە بە هۆیەوە هاتوەتە ئاراوە، ناسینی پێداویستیە راستەقینەکانی هاتنەمەیدانی سەفی سەربەخۆی چینی کرێکار و حزبێکی کمونیستی خوازیاری دەسەڵاتی سیاسی، بە بەرنامەو ستراتێج و خەتی سیاسی تاکتیکی خۆی بۆ شکڵ پێدان بە ئاڵترناتیوی پرولیتەری لە بەرانبەر بەربەرەکانێ ئاڵۆزەکانی کەمپی شۆرش و دژی شۆرش لەم دەورەیهدا، یەکێک لە زەرورەتە حەیاتیەکانی چالاکی کمونیستی سەفی رێبەران و پێشرەوانی چینی کرێکاری میسر و دەخالەتگەری کمونیسمی پرولیتەری و کەمپی ئازادیخوازی و بەرابەری تەڵەبیه لە سەراسەری جیهاندا.

دوو رەوتی خەباتی چینایەتی

لە دوو ساڵ و نیوی رابردوودا و لە پێوەند بە رەوتی روداوەکانی شۆرشی میسرهوه چەندین جار دوپاتمان کردوەتەوە کە مەسەلەی سەرەکی هەر شۆرشێک مەسەلەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسیە. لە میسری پاش شۆرشدا، سەرەرای هەولی ئەرتەش و کەمپی دژی شۆرشی بۆرژوایی ناوخۆیی و جیهانی و ناوچەیی بۆ لەقەڵەمدانی "دێمۆکراسی پارلمانی" و "سندوقەکانی دەنگدان" وەک بەرهەمی شۆرش و خنکاندنی شۆرش و کوژاندنەوەی ئاگری ئەم شۆرشە لە ناو زەلکاوی "هەڵبژاردن" و "یاسای ئەساسی" سازکراوی ئێخوانولموسلمین و لایەنە ئیسلامیەکان، مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی لە میسر وەک خۆی بە چارەسەرنەکراوی مایەوە. بەربەرەکانێ و کێشمەکێش لە سەر چارەسەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی چ لە مەیدانی بەربەرەکانێی نێوان دو کەمپی شۆرش و دژی شۆرشدا و چ  لە ناو ریزبەندی باڵەکان و بزوتنەوە جۆراوجۆرەکانی دژی شۆرشی بۆرژواییدا هەروا بەردەوامە. روخاندنی دسەڵاتی مورسی و ئێخوانیەکان لە 30 مانگی ژوئەندا دروستی ئەم لێکدانەوەیه و ئەم حوکمەی سەبارەت بە رێبازی بەرەپێشچوونی شۆرشی میسری سەلماند. لەگەڵ دەستَپێکردنی دەورەیەکی نوێ لە شۆرش، پاش 30 ژوئەن، کێشمەکێش لە سەر دیاریکردنی دەسەڵاتی سیاسی زیاتر لە پێشتر دەستی پێکردوە، کە لە دوو رەوتی خەباتی چینایەتی سیاسی هاوتەریبی یەکدا لە کۆمەڵگای شۆرشگێڕانەی میسردا دەچێتە پێش:

یەک: کێشمەکێشی نێوان چینی کرێکار و گهنجان و ژنان و هێزی کۆمەڵایەتی پێشرەو و ئازادیخواز لەلایەکەوەو بۆرژوازی بە هەموو لایەن و باڵەکان و بزوتنەوەکانی ناو ههیئهتی حاکمەی دەوڵەتی بۆرژوایی میسر لە لایەکی دیکەوە.

دوو: کێشمەکێشی ناوخۆیی باڵەکان و بزوتنەوە جۆربەجۆرەکانی بۆرژوازی و ههیئهتی حاکمەی میسر لە سر خودی "دەوڵەت" و بەشی هەرکامەیان لە دەسەڵاتی سیاسی و پێگەیان لە ئابوری سەرمایەداریدا لە سەر ئەساسی هێزی کاری هەرزان و چەوساندنەوەی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا.

وەلانانی واقعی مورسی لە 30 مانگی ژوئەن رویدا، رۆژێک کە سەفی ملیۆنی جەماوەری ئازادیخواز لە هاتنەمەیدانێکی شۆرشگێڕانەی بێ وێنەدا مەیدان و شەقامەکانی قاهیرە و باقی شارەکانی دیکەی میسریان کردە هی خۆیان. بەڵام ئامادەنەبوونی سیاسی و عەمەلی نەسلی جەوان وەک رێبەری ئەم هاتنەمەیدانەی 30 ژوئەن بۆ وەلانانی دەسبەجێ و شۆرشگێڕانەی مورسی بوو بە هۆی ئەوە کە وەلانانی رەسمی مورسی سێ رۆژ دوابکەوێت و ئێوارەی رۆژی چوارشەمە سێی مانگی ژوئیە لەلایەن مارشاڵ سیسی نوینەری سەرەوەی ئەرتەشی میسر رەسمیەتی پێ بدرێت و بەمجۆرە رێگا بە ئەرتەش بدرێت خۆی وەک "رزگاری بەخش"ی خەڵک لە چنگ سەرەرۆیی ئیسلامی مورسی و ئێخوان لە قەڵەم بدات. رێبەری هاتنەمەیدانی سی ژوئەن بە دانی مۆڵەت بە مورسی تا ئێوارەی رۆژی سێشەمە، رێگای بۆ دەستێوردانی ئەرتەش کردەوە. ئەرتەش بە دەرکردنی بەیانێک لە ئێوارەی رۆژی دوشەمە یەکی مانگی ژوئیە و دانی مۆڵەتی 48 سەعاتە بە "لایەنەکانی" کێشمەکێشەکە، بە کردەوە خۆی خزاندە نێوان ئیرادەی شۆرشگێڕانەی جەماوەری راپهریو و حکومەتی مورسی و ئێخوان و دەرفەتی ئەوەی بە دەست هێنا که وەلانانی مورسی لە دەستی شۆرشگێڕان دەربێنێت و بیکاتە مایەی مەشروعیەتی خۆی. ئەرتەش بە هۆی لە دەستدا بوونی ئامرازەکانی دەوڵەتی وەک بڕبڕەپشتی دەوڵەتی بۆرژوایی میسر، پروسەی وەلانانی رەسمی و عەمەلی مورسی خستە چنگی خۆیەوە. نەبوونی پلانی هەمەلایەنە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن بزوتنەوەی تەمەرود و لاوانی شۆرشگێڕهوه کە لە رێبەری ئەم ئاخێزەی سی ژوئەندابوون، بوو بە هۆی ئەوەی، هێزێک کە بە هۆی هاتنەمەیدانی جەماوەر بە دەستیان هێنابوو بکەوێتە دەستی ئەرتەش و هێزە بۆرژواییەکانی "بەرەی ئینقاز". ئەنجامی ئەم بەدەستەوەدانی دهسهلاتە ئەوە بوو کە ئەرتەش بە هێنانی ئەلئەزهەر و پاپی قیبتی و حزبی نوری سەلەفی و بەرادعی، رێبەری ئەم حەرەکەتە جەماوەریەی سی ژوئەن بخاتە پەراوێزەوە.

وەلانانی شۆرشگێرانەی مورسی و وەلانانی رەسمی ئەو لە لایەن ئەرتەشەوە سێ رۆژ مەودای تێکەوت، کە بە راشکاوی نیشانەی بۆشاییهکی جیدی رێبەرایهتی ئاخێزی شۆرشگێرانەی سی ژوئەنە. ئەم کەموکورتیە جیدیەی رێبەرایهتی بزوتنەوەی تەمەرۆد و سی ژوئەن، نەبوونی وێنە و ئاسۆیەکی روون بو بە دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی پاش روخاندنی دەسەڵاتی مورسی و ئێخوان و بە دەستەوەدانی بە باڵەکانی دیکەی دەسەڵاتداران و لە سەروی هەموانەوە ئەرتەش بوو. ئەمە بۆشاییەکە کە پڕ کردنەوەی لە لایەن کومونیستەکان و رێبەران و چالاکانی رادیکالی کرێکاری پێویستیەکی حەیاتیەو تەنیا رێگای پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییە شکڵ پێدان بە ئاڵترناتیوی پرولیتاری لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕەکانی ئێستا لە دڵی ئەم دەوره نوێیەی شۆرشە و دابین کردنی رێبەری سیاسی بی ئەملاو ئەولاو و سەربەخۆ لە باڵەکانی دیکەی بۆرژوازی و دەسەڵاتدارانە.

سەرەرای دوساڵ و نیو کێشمەکێشی سیاسی-چینایەتی لە میسر و روخاندنی دوو حکومەتی بۆرژوا ئەمپریالیستی، لە رێبازی بەرژەوەندی چینی کرێکاری میسردا، کێشمەکێش لە سەر دیاریکردنی نیهایی داهاتوی شۆرش بەردەوامە و دەخالەت و بەشداری بەهێز و سازماندراوی بەشی کمونیست و پێشرەوەی چینی کرێکار لەم کێشمەکێشەدا پێویستیەکی زۆر گرینگە. خەبات و هاتنەمەیدانی جەماوەری پڕجۆش وخرۆش لە ماوەی دووساڵ و نیویی ئەم دواییانەدا لە میسر بەرونی نیشانیدا کە سەرکەوتن و شکستی نیهایی شۆرش لە گرەوی یەکلایی بونەوەی دەسەڵات لە نێوان دوو چینی سەرەکی کۆمەڵگا، واتە پرولیتاریا و بۆرژوازیدایە. ههتا چینی کرێکاری میسر حزبی کمونیستی کرێکاری خۆی بە مەبەستی دابین کردنی هێژمونی و رێبەری شۆرش بۆ تێکشکاندنی ماشینی دژی شۆرشی بۆرژوا ئەمپریالیستی سازمان نەدات، سەرکەوتنی نیهایی شۆرش لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی میسر بە ئەنجامی نیهایی خۆی ناگات. ئەوەی کە تێپەر بوو زۆر گرینگ و بەنرخە. بەڵام لە چوارچێوەی خهباتێکی گشتی و بان چینایهتی "دژی دیکتاتۆری" واوەتر نەچوە. هاتنە مەیدانی بێ وێنەی ئەم دواییانەش بە لە بەرچاوگرتنی هەمو گرێنگیەکانی لە درێژەی حەرەکەتی شۆرشگێرانەی دووسال و نیوی ئەم دواییانەی میسردا راشکاوانە له نەبوونی خەتێکی کمونیستی کرێکاری دەنالێنێت کە سەرتاپای دسەڵاتداریەتی سەرمایە و یەک لەوانە ئەرتەش بکاتە ئامانجی هیرشی خۆی.

شکستی برنامە و مودێلی ئیسلامی ئێخوانولموسلمین و سەلەفیەکان و لە ئەنجامدا پاشەکشە پێکردن بە بەرنامە و مودێلی ئیسلامی سیاسی بە هۆی زەبری کاریگەری شەپۆلێکی نوێ لە ئاخێزی شۆرشگێڕانە، بەرەوپێش چونێکی گرینگی شۆرشی میسر لە قوناغی ئێستادایە. لەمرو بهدواوه هەر لە ئێستاوە رون و ئاشکرایە که ئێخوان و سەلەفیەکان و بە گشتی سەفی شکست خواردوی فاشیزمی ئیسلامی لە میسر لە هەوڵی پێکهێنانی فەزای ترس و تیرۆر لە کۆمەڵگادا دەبن. ئەزمونی سی ژوئەن و شکستێک کە هێزی بەگوری جەماوەری راپەڕیو بە سەر مورسی و ئیخوانولموسملین دا هێنایان، نیشان دەدات کە رێگای بەرەنگاری کاریگەر لە گەل هەوڵەکانی دژی شۆرشی شکست خواردوو بۆ نائەمن کردنی کۆمەڵگا، تەنیا درێژەدانه بە لەمەیداندا بوونی بە هێز وسازمان دراوی ئەم هێزە جەنگاوەرو شۆرشگێڕەوە و ئەم هیزەیە کە دەتوانێت شکستی نیهایی دژی شۆرشی ئیخوانی تۆمار بکات.

لەلایەکی دیکەشەوە بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لە ئاخێزی سی ژوئەن لە لایەن باڵەکان و بزوتنەوە ناسیونالیستیەکان و هەروەها کەسایەتی پرۆ غەرب و لە سەروی هەموانەوە ئەرتەشی میسر بە تەواوی بە مەبەستی کپ کردن و کوژاندنەوەی ئاگری شۆرش و لە هەناسەخستنی هەنگاوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم حەرەکەتە شۆرشگێرانەیە بۆ سەرلە نوێ سازکردنەوەی ماشینی دەوڵەتی و وەرێخستنی دامودەزگای سەرکوت و کۆنەپەرستی و پاراستنی موناسهباتی سەرمایەداری لە دەست هێرشی چینی کرێکارە. ئەرتەشی میسر بە لەبەردەستدابوونی زیاتر لە یەک لە چوارهمی ئابووری میسر، ههر تەنیا دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و بڕبڕەی پشتی دەوڵەتی بۆرژوایی نیە، بەڵکو ئەم هێزە بۆ خۆی یەکێک لە باڵە بەهێزەکانی بۆرژوازی میسرەو نوێنەری یەکەمی بەرژەوەندی چینی بۆرژوای میسر و هەروەها بۆرژوازی جیهانی و ناوچەییشە. دەخالەت و دەستێوەردانی ئەرتەش بۆ بە چنگ خستنی بەرهەمەکانی هاتنەمەیدانی شۆرشگێڕانەی سی ژوئەن، لەخزمەتی کۆتایی هێنان بە پشتیوانی لە باڵی بۆرژوایی ئێخوان و ئیسلامیەکان و چوونە پاڵی باڵێکی دیکەی بۆرژوازییە کەپێک هاتوە لە بزوتنەوەو ئەحزابی ناسیونالیستی لایەنگری رۆژئاواو و لیبراڵەکان.

کرێکاران، کمونیستەکان و لاوانی شۆرشگێڕی میسر!

خرۆشانی عەزیم و ملیۆنی ئێوە هەتا ئێستاش سەرکەوتنی گەورەی بۆ سەفی ئازادیخوازی و ئینسانیەت لە سەراسەری جیهاندا، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئافریقا و میسردا تۆمار کردوە. دەورەیەکی گرینگ لە خەباتتان نایە پشت سەر و مەیدانی چارەنوس سازی دیکەتان لە پێشە. دەرفەتێکی مێژویی خولقاوە بۆ ئەوەی چینی کرێکار و کمونیستەکانی میسر بە پێکهێنانی حزبی کمونیستی خۆیان، لە پێشەوەی بزوەتنەوەی ئازادیخوازانەی جەماوەری، بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی بۆرژوازی بهێنن، شۆرشی کرێکاری وەدی بهێنن و ئۆلگویەکی شکۆداری ئاڵوگۆری شۆرشَگێڕانە و کۆتایی هێنان بە چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان لە سەراسەری جیهاندا پەرەپێبدەن.

حزبی کمونیستی کرێکاری- حکمەتیست وەک گوردانێکی کمونیست و ئەنترناسیونالیستی پرولیتاری جیهانی، سەرکەوتنە گەورەکانی ئێوە بە تێکرای سەفی چینی کرێکار و ئازادیخوازانی سەرتاسەری جیهان پیرۆزبایی دەڵێت. حزبی حکمەتیست دەستی دانەبەدانەی کرێکاران، نەسڵی لاوانی شۆرشگێڕ و پێشرەو، ژنانی ستەم لێکراو و تینوی رزگاری و یەکسانی، جەماوەری زەحمەتکێش و چەەوساوە و سەفی عەزیمی ئازادیخوازانی میسر بە گەرمی دەگوشیت و خۆی بە بەشداری ئەم شورو شەوقه بی پایانە دەزانیت و لە مەیدانی خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتی چارەنوس سازی دەورەی داهاتوی ئەم سەفە عەزیمە هاوخەباتی خۆمان لە گەڵتان رادەگەیەنێت و بۆ خەباتی بێ وچانی هاوخەباتانی خۆی لە جیهەتی وەدیهاتنی شۆرشی کرێکاری و دامەزراندنی ئازادی و یەکسانی و سوسیالیزم، سەرکەوتنی نیهایی بۆ ئێوە بە ئاوات دەخوازێت.

بژی راپەرَینی عەزیم و ئازادیخوازانەی خەڵکی میسر

بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

حزبی کمونیستی کرێکاری ئێران- حکمەتیست

15ی تیری 1392

شەشی جولای 2013

www.hekmatist.org

___________________________________________________________________________________________________

Email: این آدرس ایمیل توسط spambots حفاظت می شود. برای دیدن شما نیاز به جاوا اسکریپت دارید    Tel: 00 46 73 922 59 69

www.hekmatist.org www.iran-telegraph.com   www.october-online.com

خواندن 1613 دفعه آخرین ویرایش در جمعه, 28 تیر 1392 ساعت 13:15

با ما در تماس باشید

عضویت در خبرنامه سایت

گزارشات پربازدید